ئازەر قوبادی ژیانێکی خۆش بڵاودەکاتەوە

15-03-2017
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن ئازەر قوبادی
A+ A-

رووداو-هەولێر

ئازەر قوبادی، گۆرانیبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان و خوشکی سینەماکاری کورد بەهمەن قوبادی، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی ژیانێکی خۆش بڵاوکردەوە.

 ئازەر قوبادی لەمبارییەوە بە رووداوی راگەیاند " گۆرانی ژیانێکی خۆش، یەکێکی دیکەیە لەو گۆرانیانەی من، کە دەمێکە کاری لەسەر دەکەم و بەشێوازێکی زۆر جیاواز بەرهەمهاتووە، لە ئاوازی خۆم و ئەریوانە، تێکستەکەش هەر ئەریوان نووسیویەتی، ئێستا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب بڵاوکراوەتەوە".


گۆرانی ژیانێکی خۆش، بەریتمێکی شادو خێرا تۆمارکراوە، بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێوازی ڤیدیۆکلیپ بڵاوبکرێتەوە. 

ئازەر جگە لەم گۆرانییە، گۆرانی ئەرمەنی، کە هونەرمەندی کۆچکردووی رۆژهەڵاتی حەمید حەمیدی گوتویەتی دووبارە بەشێوازێکی نوێ تۆماری کردووە، ئازەر دەڵێت "گۆرانی ئەرمەنی، پێشکەش بە رۆحی حەمید حەمیدی، گۆرانیبێژی کۆچکردووی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم،ئەم گۆرانییە لە میوزیکی سەعیدی لوتیفییە و تێکستەکەی هی ناهید حوسێن پەناهییە، من بەجۆرێکی دیکە کارم لەسەر کردووە، کە ژەنیارێکی تورک کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە".



ئازەر قوبادی ماوەیەکی زۆرە بە زمانی کوردی فارسی گۆرانی دەڵێت، بۆیە دەیەوێت فەرهەنگ و کولتووری کوردی لە رێگەی گۆرانی و میوزیکەوە بە گەلانی دیکە بگەیەنێت، هاوکات لە نێو ڤیدیۆکلیپەکانی خۆیدا بەژێرنووسی ئینگلیزی و فارسی گۆرانییەکانی بڵاودەکاتەوە. 

 گۆرانی من وتۆ، گۆرانییەکی دیکەی هونەرمەند ئازەرە، کە تێیدا باس لە ئازادی و لێکتێگەیشتنی نێوان مرۆڤەکان دەکات، ئەم گۆرانییە لە ئاوازی هاوبەشی ئازەرو ئەریوانەو تێکستی گۆرانییەکەش لەلایەن هێمن هەژارەوە نووسراوە.

 

ئازەر قوبادی، لە سالی 1964 لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە بانە تەواو کردووە، دواتر لەگەڵ خانەوادەکەی چووەتە تاران، خوێندنی ماستەری لەتاران تەواو کردووە، لە ساڵی 2001 لەگەڵ ماڵباتەکەی چوونەتە ئەمریکا هەر لەوێ ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، ئالبوومێکی گۆرانی لە ساڵی 2015 بڵاوکردووەتەوە، ئیستاش ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی ئالبوومێکی نوێ دەکات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە