ملیسا: یەكێك لە خۆشترین ئاهەنگەكانم لە هەولێر بوو

15-01-2019
دەرباز یونس
نیشانەکردن میلیسا
A+ A-
رووداو – هەولێر

ناوی راستەقینەی میریام شەهابە، بەڵام بە ملیسا ناوبانگی دەركردووە، لە ساڵی 1982 لە باشووری لوبنان لە دایكێكی عێراقی و باوكێكی لوبنانی لەدایكبووە. لە ساڵی 2006ـەوە گۆرانی دەڵێت. لە میدیا عەرەبییەكاندا زۆرترین هەواڵی لەسەر بڵاوكرایەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە هاوژینەكەی جیابووەوە. لە ماوەی رابردوودا سەردانی هەولێری كرد و ئاهەنگێكی تایبەتی كرد. ملیسا ئەو ئاهەنگەی بە یەكێك لە خۆشترین ئاهەنگەكانی لە ساڵی 2018 وەسف دەكات و دەڵێت ساڵی 2019ش جارێكی دیكە دێتەوە كوردستان. ملیسا خانمە هونەرمەندی لوبنانی وەڵامی پرسیارەكانی (رووداو) دەداتەوە.

رووداو: باس لەوە دەكرێت كە تۆ خەڵكی عێراقی نەك لوبنان، ئەوە راستە؟

ملیسا: من نیوە لوبنانی و نیوە عێراقیم. لە باشووری لوبنان لەدایكبووم، دایكم عێراقییە و باوكم لوبنانییە، بۆیە خۆشەویستی گەورەم بۆ خەڵكی خۆم لە عێراق هەیە.

رووداو: لە میدیاكان هێندەی لەسەر ژیانی تایبەتیت بابەت بڵاودەكرێتەوە، هێندە لەسەر هونەرەكەت نییە، هۆكار چییە؟

ملیسا: جا ئەمە دەبێت لە رۆژنامەنووسەكان بپرسیت، ئەوان هۆكارەكەی باشتر دەزانن.

رووداو: ئەو هەواڵانەی كە بڵاودەكرێنەوە باس لەوە دەكەن كە تۆ پەیوەندی خۆشەویستیت لەگەڵ جان سەلیبەی بەڕێوەبەری كارەكانت هەیە، ئەمەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی لە هاوژینەكەت جیاببیتەوە؟

ملیسا: راستە ئەمە زۆر باس دەكرێت، بەڵام هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نییە، راست نییە، جان تەنیا بەڕێوەبەری كارەكانم و هاوڕێیەكی خۆشەویستم بووە، من هیچ پەیوەندییەكم لە دەرەوەی كار لەگەڵ ئەو نەبووە، ئەمە تەنیا هەواڵی میدیاكانە.



رووداو: لە ماوەی رابردوو سەردانی كوردستانت كرد، مەبەست لەم سەردانە چی بوو؟

ملیسا: سەردانەكە بۆ سازدانی ئاهەنگێكی تایبەت بوو لە شاری هەولێر، بەڕاستی یەكێك بوو لە ئاهەنگە هەرە سەركەوتووەكانم لە ساڵی 2018، هەوادارانم لە هەولێر زۆر دڵیان خۆشكردم.

رووداو: بەنیازیت جارێكی دیكە بێیتەوە كوردستان؟

ملیسا: بە دڵنیاییەوە، بەنیازم لە ساڵی 2019 جارێكی دیكە بێمەوە، بۆ ئەوەش قسەمان كردووە، بۆ رۆژی خۆشەویستی و بۆ ئاهەنگەكانی مانگی سێش قسە كراوە، بەڵام جارێ دڵنیانیم.

رووداو: جگە لە شێوەئاخاوتنی لوبنانی بە چ شێوەزارێكی دیكەی عەرەبی گۆرانیت گوتووە؟

ملیسا: من بە زۆرینەی شێوەزارە عەرەبییەكان گۆرانیم گوتووە، بە لوبنانی، میسری، خەلیجی و عێراقیش گۆرانی دەڵێم.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندانی كورد چۆنە؟

ملیسا: لەگەڵ ئاوازدانەری كورد "هەڵكەوت زاهیر" هاوڕێیەتی باشم هەیە، لە لوبنان و لە هەولێریش چاوم پێكەوتووە، لە سەری ساڵیش لە دوبەی لەگەڵ گۆرانیبێژێكی كورد بە ناوی هێڵی لەڤ بەیەكەوە ئاهەنگمان هەبوو، لەوێوە هاوڕێیەتیم لەگەڵی دروستبوو.

رووداو: لە دوای ساڵی 2013 وە كە ئەلبوومی "من مین خایف"ت بڵاوكردەوە، هیچ ئەلبوومێكی دیكەی گۆرانیت نەبووە، هۆكار چییە؟

ملیسا: بڵاوكردنەوەی ئەلبووم كارێكی ئاسان نییە، كاتی زۆری پێویستە، بودجەی گەورەی پێویستە، حەز دەكەم كار بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی ئەلبووم بكەم، بەڵام دەبێت دەرفەتی گونجاو هەبێت بۆ ئەم كارە.



رووداو: بەڵام دەگوترێت تۆ بەو رێكلامانەی دەیكەیت بودجەیەكی باشت دەستدەكەوێت؟

ملیسا: من رێكلام دەكەم، بودجەی جیاوازیش بەپێی جۆری رێكلامەكە وەردەگرم، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە بڵاوكردنەوەی ئەلبوومەوە نییە، چونكە كاری ئەلبووم جیاوازە لە كاری رێكلامی بازرگانی.

رووداو: دوایین كاری هونەریت كە ئێستا خەریكی، چییە؟

ملیسا: ماوەیەك بەر لە ئێستا نوێترین ڤیدیۆ كلیپی گۆرانیم بڵاوكردەوە، سوپاس بۆ خودا سەركەوتنی مەزنی بەدەستهێنا و خەڵك پێشوازیی باشی لێكرد، ئێستاش ئامادەكاری دەكەم بۆ چەند ئاهەنگێك لە وڵاتە عەرەبییەكان. دوای ئەوەش لەگەڵ دەرهێنەری بەناوبانگی لوبنانی فادی حەداد خەریكی قسەكردنین بۆ ئەوەی گۆرانییەكی نوێ بەیەكەوە دروست بكەین، چونكە من و فادی حەداد لە رابردوودا پێكەوە كارمان كردووە و سەركەوتوو بووین.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە