هونەرمەندانی كورد روو دەكەنە تاتۆ

14-11-2015
رێكەوت سەلام
نیشانەکردن تاتۆ
A+ A-

رووداو- هەولێر 

ئەو تاتۆیەی ئێستا لە جیهاندا جەستەی ئەستێرەكانی هونەر و وەرزش و تەنانەت خەڵكی ئاسایی داپۆشیوە، هونەرمەندانی كوردیش روویان تێكردووە. زۆربەی هونەرمەندان بۆ تاتۆكردن پەنا بۆ گەنجێكی شاری هەولێر دەبەن كە نایەوێ‌ ناوی خۆی ئاشكرا بكات.

تاتۆكردن لەنێو هونەرمەندان و بێژەر و پێشكەشكارانی تیڤی لە كوردستان بووەتە شتێكی باو، زۆربەی ئەوانەی تاتۆش دەكەن لە رەگەزی مێن.

تاتۆ و سیاسەت

ئەو تاتۆیانەی هونەرمەندان و وەرزشوانانی بیانی دەیكەن، زۆرتر تەعبیر لە پیشەكەیان یان خۆشەویستی، بەتایبەتی بۆ هاوژینەكانیان یان كەپڵەكانیان یانیش منداڵەكانیان دەكەن، بەڵام لە كوردستان سیاسەت خزاوەتە نێو تاتۆش.

سەیران ئەحمەد كە كچە گۆرانیبێژێكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، تاتۆیەكی لەسەر جەستەی نەخشاندووە، سەیران شوێنی تاتۆیەكەی بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی "تاتۆیەكم لەسەر دڵم كردووە، تاتۆكەش بریتییە لە ناوی بارزانی لەگەڵ بازێك، ئەمەشم لە خۆشەویستی بۆ مەسعود بارزانی كردووە".

هەروەها گۆرانیبێژی میللی فاخیر هەریری تاتۆیەكی مەسعود بارزانی لەسەر قۆڵی نەخشاندووە.

تاتۆی ژاپۆنی

گۆرانیبێژ گۆران ساڵح تاتۆیەكی لەسەر دەستی نەخشاندووە، تاتۆكەی گۆران بریتییە لە سێ‌ پیت كە بە زمانی ژاپۆنی نووسراوە. گۆران گوتی "تاتۆكردن شتێكی نوێ نییە و لە دێرزەمانەوە هەبووە، زیاتریش بۆ  جوانی بووە، منیش حەزم دەكرد لەسەر دەستم تاتۆیەك بە زمانی ژاپۆنی بنەخشێنم".

گۆران ئەو سێ‌ پیتەی ئاشكرا كرد كە لەسەر دەستی نەخشاندووە و گوتی "دوو كەس لە ژیانمدا هەن، قەت نامەوێ‌ لێم دوور بن، ئەوانیش پەرواز حوسێنی هاوژینم و گۆنای كچمە، بۆیە پیتی یەكەمی ناوی هەردووكیانم لەسەر دەستم نەخشاندووە، پیتی سێیەم پیتی یەكەمی ناوی خۆمە". گوتیشی "تاتۆیەكەم لە كوردستان كردووە و بە دیاریش بۆم كراوە".

دەیكاتە 40

زۆربەی شوێنەكانی جەستەی بە تاتۆ نەخشاندووە و تاوەكو ئێستا 18 تاتۆی كردووە و لە بەرنامەیدایە بیكاتە 40. هاوژین شازادە كە كچە ئەكتەرێكی شاری هەولێرە، خولیای بووەتە تاتۆكردن.

هاوژین كە زۆربەی تاتۆكانی لەسەر دەست و قاچی نەخشاندوون، بە (رووداو)ی گوت "تاتۆكردن حەزێكی خۆمە، دەمەوێ‌ ببمە یەكەم ئافرەتی كورد و لە تاتۆكردن رەچەشكێن بم و زۆرترین تاتۆ لەسەر جەستەم هەبێ‌، بۆیە بەنیازم هەتا 40 تاتۆ رانەوەستم".

هاوژین پێیوایە زۆر لە كچانی كوردستان حەزیان لە تاتۆیە، بەڵام بەهۆی تێڕوانینی كۆمەڵگە كە پێیوایە تەنیا ئافرەتی خراپ تاتۆ دەكات، بۆیە زۆر لە كچان خۆیان لە تاتۆ بەدوور دەگرن، ئەوانەشی دەیكەن لە شوێنێكی وای جەستەیان نایكەن دیار بێت.

شێنێ‌ رقی لە تاتۆیە

شێنێ‌ ئاكۆ كە ساڵی 2013 بە یەكەم شاجوانی كوردستان هەڵبژێردرا، پێدەچێ‌ چانسی هەبێ‌ كە حەزی بە تاتۆكردن نییە، چونكە ئەگەر تاتۆی كردبا بە شاجوان هەڵنەدەبژێردرا و ئەو بوارەشی كە ئێستا دەیخوێنێ‌، ئەوكات نەیدەتوانی بیخوێنێ‌.

شێنێ‌ گوتی "بەپێی پرەنسیپەكانی هەڵبژاردنی شاجوان، نابێت ئەوانەی بەشداری لەو كێبڕكێیە دەكەن، تاتۆیان كردبێ‌". 

شێنێ‌ كە ئێستا لە سوێد لە بواری فڕۆكەوانی دەخوێنێ‌، دەڵێت ئەگەر حەزی لە تاتۆش بێ‌، پیشەكەی رێگەی پێنادات. ئەو گوتی "بەپێی یاسای فڕۆكەوانی سوێد، نابێت خوێندكاری ئەو بوارە تاتۆ لەسەر شوێنی دیاری جەستەیان هەبێت، بەڵام بۆ شوێنی شاراوە ئاساییە".

هەریەك لە لۆكە و هێڵی لەڤیش تاتۆیان لەسەر جەستەیان كردووە، بەڵام لە شوێنی شاراوە.

سیاسییەكانیش تاتۆ دەكەن

زۆر لە هونەرمەند و كەسایەتییەكانی كوردستان كە تاتۆ دەكەن، پەنا بۆ گەنجێكی شاری هەولێر دەبەن كە 12 ساڵ لە هۆڵەندا ژیاوە و لەوێ‌ فێری تاتۆكردن بووە و ماوەی 7 ساڵە لە كوردستان ئەو كارە دەكات.

ئەو گەنجە حەزی نەكرد ناو و شوێنەكەی ئاشكرا بكرێ‌، چونكە دەڵێت رەنگە تووشی كێشە ببێ‌، بەو پێیەی كارەكەی مۆڵەتپێدراو نییە و وەزارەتی تەندروستیش هۆشداریی داوەتێ‌ كە چیدی بەشێوەی هەڕەمەكی ئەو كارە نەكات، بەڵكو دەبێ‌ سەنتەرێك دابنێ‌.

ئەو گەنجە گوتی "چەندین كەسایەتی هونەری لەوانەش گۆرانیبێژ، سینەماكار، میوزیكژەن و شانۆكار تاتۆیان لای من كردووە، تەنانەت تاتۆم بۆ كەسانی سیاسی و پزیشك و مامۆستای زانكۆش كردووە".

سەبارەت بە نرخی تاتۆكانیش گوتی "بەپێی قەبارەی تاتۆكەیە، ئەگەر بچووك بێت نرخەكەی نزیكەی 100 دۆلارە، بەڵام گرانترین تاتۆ لەلای من بە 2200 دۆلار كراوە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە