لە دایكێكی كورد و باوكێكی عەرەبی عێراقی لەدایكبووە، یەكێكە لە بەناوبانگترین دیزاینەرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێستا ناوبانگی بۆ جیهان هەڵدەكشێ، جلوبەرگی بۆ زۆربەی ئەستێرە عەرەبەكانی وەكو دوڕە، ئیلهام شاهین، شیرین عەبدولوەهاب و یوسرا و دەیانی دیكە دروستكردووە. بۆ چەندین ئەستێرەی هۆڵیوودیش، لە نێویاندا ئێڤا لانگۆریا، كریس جێنەر و دایكی كیم كارداشیان. زینە زەكی دیزاینەری جلوبەرگی كورد و عێراقی و جیهانی، وەڵامی پرسیارەكانی (رووداو) دەداتەوە.
رووداو: دوایین چالاكی تۆ بریتی بوو لە دیزاینكردنی چەندین مۆدێلی جلوبەرگی جیاواز بۆ چەند نمایشكارێكی ئۆكرانی، ئەمە چۆن بوو؟
زینە زەكی: تەواوی ئەو دیزاینانەی بۆ ئافرەتە جوانەكانم لە هەموو جیهاندا كردووە، گرنگ نەبووە لام ئافرەتەكە چ رەنگێكە، خەڵكی كوێیە، ئەمە پەیامی منە لە كاركردندا، چونكە مرۆڤ جوانە، بەهێزە، ژیرە و بە ئازادی لەدایكبووە. دوایین چالاكیش كارێكی زۆر سەرنجڕاكێش بوو، دیزاینەكان جیاواز بوون و بۆ من جێی سەرنج بوو.
رووداو: تۆ جلوبەرگی زۆرینەی ئەو ئەستێرە عەرەبانەت دیزاین كردووە كە لە خولی رابردووی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی لەسەر فەرشی سوور بوون و ئێمە وەكو رووداو رووماڵی فێستیڤاڵەكەمان دەكرد؟
زینە زەكی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، من لەو فێستیڤاڵەدا دیزاینی جلوبەرگی زۆرینەی ئەستێرەكانم كردبوو كە بەشێكیان هەڵبژێردرابوون بۆ وەرگرتنی ناسناوی جوانترین دەركەوتن و جوانترین كراس كە پۆشیبوویان لەو بۆنەیە. من سوپاسی هەموو ئەو ئەستێرانە دەكەم كە لە نێو ئەو هەموو دیزاینەرانەی لە جیهاندا هەن، منیان هەڵبژارد.
رووداو: دەتوانی ناوی ئەو ئەستێرانە بڵێی كە جلوبەرگی تۆیان پۆشیوە؟
زینە زەكی: زۆر زۆرن، بۆ نموونە جلوبەرگی دوڕە، لە دەرەوەی فێستیڤاڵیش شیرین عەبدولوەهاب، ئۆه خوایە لەم كاتەدا هەموو ناوەكانم بیر نایەتەوە، جلوبەرگی زۆر لە ئەستێرەكان، دەتوانن لە لاپەڕەی من لە ئینستاگرام بیبینن، وێنەكانم داناون.
رووداو: دەڵێن جلوبەرگت بۆ ئەستێرەكانی هۆڵیوودیش دیزاین كردووە؟
زینە زەكی: بەڵێ ئێڤا لانگۆریا، كریس جێنەر، دایكی كیم كارداشیان و زۆر ناوی دیكە.
رووداو: بەنیازی چیت؟ بۆ نموونە ئەو ئەستێرانەی لە داهاتوودا جلوبەرگیان بۆ ئامادە دەكەی كێن؟
زینە زەكی: گرنگترین پڕۆژەی داهاتووم ئەوەیە كە كارەكانم فراوان بكەم لە هەموو جیهاندا. من تا ئێستا كارم بۆ زۆربەی ئەستێرە عەرەبەكان و ئەستێرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، لەگەڵ چەند ئەستێرەیەكی جیهانی، بۆیە مەبەستمە كارەكانم زیاتر جیهانی بن، ئێستا كاتیەتی لە پاریس بم، لە رۆما بم، لە هەموو شوێنێك بم.
رووداو: دەڵێن دایكت كوردە، خەڵكی كامە پارچەی كوردستانە؟
زینە زەكی: دایكم هەمیشە دەڵێت من خەڵكی هەولێرم.
رووداو: كەواتە تۆ نیوە كوردیت، هیچ پرۆژەیەكت هەیە سەردانی كوردستان بكەیت؟
زینە زەكی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە زۆر حەز دەكەم، نیازم هەیە سەردانی بكەم و خەڵكی كوردستان ببینم.
رووداو: دیزاینەری جلوبەرگ و نمایشكاری كارێكی نوێیە لە كوردستان، زۆر كچ و كوڕی گەنج لە كوردستان حەز دەكەن بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ لەم بوارەدا كار بكەن، تۆ وەك دیزاینەرێكی كوردی عێراقی جیهانی پەیامت بۆ دیزاینەر و نمایشكارانی كورد چییە، چۆن بتوانن پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن؟
زینە زەكی: من هەوڵدەدەم باسی چیرۆكی خۆم بكەم بۆیان، چونكە هەر دیزاینەرێك چیرۆكێكی سەركەوتنی هەیە، 16 ساڵ بەر لە ئێستا من كچێكی گەنج بووم كە تەنیا خەونم هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ خەونەكانم بوونەتە راستی و من وامكرد رووبدات. ئەگەر خەونت هەبێت، هیچ شتێك مەحاڵ نییە، چونكە هەموو دیزاینەرە جیهانییەكان وەكو دیزاینەرە فەرەنسییەكان، لوبنانییەكان و ئێمەش هەمان كار دەكەین.
رووداو: بۆچی بیرت لەوە نەكردووەتەوە لە كوردستان قوتابخانەیەكی دیزاینی فاشن و نمایشكاری بكەیتەوە؟
زینە زەكی: من خەونی زۆرم هەن. پێموایە هەموو كارێك كاتی خۆی دێت كە ئەنجامی بدەیت، بەڵام ناتوانی هەموویان بەیەكەوە بكەیت. من لە كارەكانم لەسەر خۆم و پەلە ناكەم، هەنگاوەكانم بە هێواشی بەرەوپێش دەنێم، بەڵام هەمیشە قاچەكانم لە شوێنێكی راست دادەنێم، نامەوێ هەڵە بكەم و شكست بهێنم، رەنگە رۆژێك قوتابخانە لە هەموو جیهاندا بكەمەوە، رەنگە یەكەم قوتابخانەم لە كوردستان بێت، بۆچی نا؟
رووداو: وەك گوتمان تۆ نیوە كوردیت، كەواتە دەبێت زانیاری باشت لە بارەی كوردستانەوە هەبێت؟
زینە زەكی: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، من زانیاری باشم لە بارەی كوردستان هەیە، بەڵام با راستییەكت پێ بڵێم، دوایین جار كە سەردانی كوردستانم كرد تەمەنم تەنیا 15 ساڵ بوو، ئەو كاتە دیزاینەری فاشن نەبووم، بەڵام ئەو كاتەی چوومە كوردستان شوێنێكی زۆر جوان بوو، سروشتێكی دڵڕفێن، ئەو كاتە بەخۆمم گوت، ئۆه خوایە من دەبێت جارێكی دیكەش سەردانی ئەم شوێنە بكەمەوە، چونكە سروشتەكەم پێ جوان بوو، خەڵكەكەم لا خۆشەویست بوون، لایف ستایلی خەڵكم پێ جوان بوو، سادەیی ئەو خەڵكەم پێ جوان بوو، بەڕاستی هەموو شتەكان جێگەی سەرنج بوون بۆ من، كەواتە من سەردانی كوردستان دەكەمەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ