رووداو – هەولێر
هونەرمەند و گۆرانیبێژ دڵشاد تۆفیق، یەکەمین سروود بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنێت، کە کلیپەکە لە لایەن خودی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سپۆنسەر کراوە.
دڵشاد تۆفیق، بە رووداوی گوت:"لە رابردوودا هیچ کلیپ و گۆرانی و سروودێک بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، ئەوەی کراوە تەنیا گۆرانی و سروود بووە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان".
گوتیشی:"بە پێویستم زانی من وەک گۆرانیبێژ گۆرانی بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵێم، بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆژەیەکم پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش کرد و ئەوانیش پڕۆژەکەیان پەسەندکرد، گۆرانییەکە بەرهەمی ئەوانە و خۆشیان سپۆنسەرییان کردووە".
دڵشاد تۆفیق، ئەوەش رەتدەکاتەوە کە خۆی کارمەندی هێزەکانی ئاسایش و پاراستنی هەرێمی کوردستان بێت و دەڵێت :"من کارمەندی ئاسایش نیم، تەنیا هونەرمەندم و چەندین کلیپم هەیە، دوکانداریشم".
لە ماوەی رابردوو، بەهۆی جەنگی دژی داعش، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگ، بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی کوردستان گۆرانیان بۆ کوردستان و هێزی پێشمەرگە گوت، بەڵام ئەمە یەکەمین گۆرانییە بۆ هێزی ئاسایش و پاراستنی هەرێمی کوردستان بگوترێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ