رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک خانمە ئەکتەر لە فیلمی کۆمێدی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" رۆڵدەگێڕن، بۆ بەشێکیان یەکەمجارە لە فیلمدا بەشدار دەبن. رۆڵی هەریەک لەو ئەکتەرانە لە چیرۆکێکدایە کە لە سەردەمی کۆرۆنا لە باشووری کوردستان روودەدەن.
لە پاڵ ئەکتەرە گەنج و تازە دەرکەوتووەکان، ژمارەیەک ئەکتەری ناسراو رۆڵدەگێڕن، لەوانەش ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا، رێشان حەمۆ، سیروان جەمال و سرووشت کامەران.
پڕژە سەعدی، یەکێک لە ئەکتەرە بەشداربووەکانی فیلمەکەیە، لەبارەی رۆڵەکەی، بە رووداوی راگەیاند، رۆڵی ئەو لە نێو فیلمەکەدا لەگەڵ گرووپێکە و ئەو کەسێکی لەسەرخۆیە، دەبێت کارێک بکات لە نێو ئەو ناخۆشیانە دۆخێکی ئەرێنیانەی دروست بکات.
شایان سوعاد، یەکێکی دیکە لە ئەکتەرە بەشداربووەکانی فیلمەکەیە، لەبارەی رۆڵەکەی دەڵێت، رۆڵی ژنێکی بەتەمەن دەگێڕێت کە شووی نەکردوە، لە سەرخۆیە و کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە. گوتیشی، فیلمەکە گرنگە چونکە کۆمیدی و تراژیدییە.
بۆ زۆربەی ئەکتەرە کچە بەشداربووەکان، فیلمی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" یەکەم ئەزموونی نواندن بووە لە فیلم و سینەمادا، هەریەکەیان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانن، لە شاشەی سینەماکان لەگەڵ کەس و کار و بینەرانی فیلم دابنیشن و خۆیان ببیننەوە.
یەکێکی دیکە لە ئەکتەرە بەشداربووەکانی فیلمەکە، تینا سەرمەندە و بە رووداوی راگەیاند، سەرەتا زۆر ترساوە و لەو بڕوایەدا بووە نەتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوتووە کارەکە ئاسانە و کەس و کاری لەم رووەوە هاوکاری بوونە.
هەڵبژاردنی ئەکتەرەکان، لەنێوان سەتان کەس بووە، هەریەکەیان چەند تاقیکردنەوەیەکیان پێکراوە تاوەکو هەڵبژێردراون، زیاتر لە سەت کچ لە فیلمەکەدا بەشداربوونە و 10ـیان رۆڵی سەرەکیان هەیە.
سرووشت سەردار، بەرپرسی هەڵبژاردنی ئەکتەرەکان لە فیلمەکەدا بە رووداوی راگەیاند: کاریان لەسەر ئەوە کرد تەنیا کەسە ئەکادیمییەکان لە فیلمەکەدا رۆڵ نەگێڕن، بەڵکو کەسانێک بهێنین نوێ بن و حەزیان بۆ نواندن هەبووە و خۆشبەختانە لەیەکەم ئەزمووندا سەرکەوتووبوین".
لە فیلمەکەدا جگە لەو ئەکتەرە نوێیانە، هەریەکە لە ئەکتەرە دیارەکانی بواری فیلم و سینەما، ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا، رێشان حەمۆ، سرووشت کامەران، سیروان جەمال، شوان کەریم رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە. تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە.
کات و شوێنی پێشاندانی فیلمەکە لە جەژنی قوربان و رۆژانی دواتر، بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر، لە هۆڵی میدیا دەبێت کە سیستەمی دەنگی پێشکەوتووی دەنگی بۆ دانراوە، رۆژانە لە کاژێر 5:30ـی و 8:00ـی ئێوارە و 10:00ـی شەو.
سلێمانی، لە ستی سینەما دەبێت، لە کاژێر 1:00ـی نیوەڕۆ، 3:15 خولەک و 5:30ـی خولەکی دوای نیوەڕۆ، 6:30 خولەک و 8:00ـی ئێوارە و 9:00 و 10:00ـی شەو.
کەرکووک، لە سینەما تایم سەنتەر مۆڵ دەبێت، رۆژانە لە کاژێر 2:00ـی نیوەڕۆ، 4:00ـی دوای نیوەڕۆ، 6:00 و 8:00ـی ئێوارە.
دهۆک، پێشاندانی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" لە کاژێر 3:30ـی دوای نیوەڕۆ و 7:00ـی ئێوارە لە دهۆک مۆڵ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ