(رووداو) لە مۆزەخانەی لۆڤەر

11-06-2016
دەرباز یونس
نیشانەکردن مۆزەخانەی لۆڤەر
A+ A-

رووداو- پاریس

بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی لۆڤەر لە پایتەختی فەرەنسا دەڵێن بەهۆی تەقینەوە و هێرشەكانی سەر پاریس، ژمارەی سەردانیكەرانی ئەو مۆزەخانەیە كەمتر بووە.

مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس بە یەكێك لە گرنگترین مۆزەخانەكانی دنیا دادەنرێت و بەناوبانگترین مۆزەخانەی ئەوروپایە. بەناوبانگترین شاكارەكانی ئەم مۆزەخانەیە بریتین لە تابلۆی مۆنالیزا-ی لیۆناردۆ داڤینچی و پەیكەری ڤینۆسی خودای جوانی لای رۆمانییەكان و پەیكەری ئافرۆدێتی یۆنانی، لەگەڵ چەندین شاكاری دیكە و مۆزەی جیهانی كە لە لۆڤەری پاریس كۆكراونەتەوە.

نرخی چوونە ژوورەوە بۆ ئەم مۆزەخانەكە 15 یورۆیە و رۆژانە هەزاران كەس سەردانی دەكەن بەو مەبەستەی كەلوپەلە دانسقەكانی ببینن كە مێژووی هەندێكیان بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

لویس جازۆ، بەرپرسی ئاماری فرۆشتنی بلیتی رۆژانە لە مۆزەخانەكە بە (رووداو)ی راگەیاند، لۆڤەر لەساڵی 1792 دروستكراوە، لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا كەلوپەل و پەیكەر و كاری هونەریی وڵاتانی جیهانی تێدا كۆكراوەتەوە. جازۆ گوتی "هەندێكجار ئەو پارەیەی بۆ هێنانی یەك تابلۆ بۆ لۆڤەر خەرج دەكرێت، سەدان ملیۆن دۆلارە".

بە گوتەی جازۆ، رۆژانە 15 – 25 هەزار كەس سەردانی لۆڤەر دەكەن كە زۆربەیان گەشتیارن و كەمتر فەرەنسین، چونكە زۆربەی فەرەنسییەكان چەندینجار ئەو مۆزەخانەیە گەڕاون.

ئەو بەرپرسەی لۆڤەر زانیاریی زیاتر لەبارەی مۆزەخانەكە دەداتە (رووداو) و دەڵێت "ئەم مۆزەخانەیە پڕیەتی لە شاكار و كەلوپەلی دانسقە و دەگمەنی وڵاتانی جیهان، هەندێ كەلوپەل هی پاشا و میرنشینەكانی هەزاران ساڵ بەر لە زایینە. كەم وڵاتی دونیا هەیە كەلوپەلی لە لۆڤەر نەبێت".

لەنێو ئەم مۆزەخانەیەدا چەندین شاكاری جیهانی هەن، لویس دەڵێت "خەڵكی زیاتر بۆ شاكارە بەناوبانگەكان دێن، بۆ نموونە تابلۆی مۆنالیزا هەمیشە زۆرترین گەشتیار لە بەردەمی كۆدەبنەوە، یاخود هەردوو پەیكەری ئافرۆدێت و ڤینۆس-ی خودای جوانی لای رۆمانییەكان و یۆنانییەكان".

بەپێی ئاماری فەرمی مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس، لە ساڵی 2014دا زیاتر لە نۆ ملیۆن و 250 هەزار میوان سەردانی مۆزەخانەی لۆڤەریان كردووە، واتە رۆژانە زیاتر لە 24 هەزار كەس. بەوپێیە داهاتی ئەو ساڵەی مۆزەخانەكە زیاتر لە 138 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بووە.

لویس دەڵێت، زۆرینەی میوانانی مۆزەخانەكە ئەمەریكین، دوای ئەوانیش چینییەكان و ئیتاڵییەكان لەڕیزی پێشەوەی میوانانی مۆزەخانەی لۆڤەردا دێن، كەمترینی ئەوانەشی سەردانی ئەم مۆزەخانەیەیان كردووە، خەڵكی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. لویس دەڵێت "شەڕی داعش و هێرشەكانی سەر پاریس كاریگەریی زۆریان لەسەر ژمارەی گەشتیاران و سەردانیكەرانی لۆڤەر هەبووە، ئێستا بەشێك لە گەشتیاران یان نایەنە پاریس، یان كە دێن خۆیان لە شوێنە زۆر گشتییەكان بەدوور دەگرن".

ئیلهام محەممەد، كچە گەشتیارێكی سوێدی بەڕەگەز ئەفغانییە، ئەو لەگەڵ هاوڕێیەكی لە سوێدەوە هاتووە بۆ پاریس و چوار رۆژ دەمێننەوە، ئیلهام بە (رووداو)ی گوت "لە پلانەكەماندا كە بۆ پاریس داماننابوو، سەرەكیترین شوێن كە گوتمان دەبێت سەردانی بكەین لۆڤەر بوو، لێرە هەندێ شت دەبینی كە پێشتر تەنیا لە فیلمەكاندا بینیومانە".

ئیلهام دەشڵێت "من كە هاتمە پاریس دەمزانی تابلۆی مۆنالیزا لێرەیە، ئەو تابلۆیە لە دوایین نهۆمی مۆزەخانەكە دانراوە، مۆزەخانەكەش ئەسانسۆری نییە و ئێمە زیاتر لە سێ‌ كاژێرمان پێویست بوو تا بە قادرمەكاندا گەیشتینە بەردەم تابلۆی مۆنالیزا، بەڵام كارمەندانی پاراستنی مۆزەخانەكە نەیانهێشت زۆر نزیكی ببینەوە، بە دووریی 3 - 5 مەتر شریتیان داناوە، بۆیە ناتوانی بەباشی تابلۆكە ببینی".

لویس وەك وەڵامێك بۆ گلەییەكەی ئیلهام و چۆنیەتی پاراستنی كەلوپەلەكانی مۆزەخانەی لۆڤەر، گوتی "بەهێزترین سیستەمی پاراستن لە دەرەوە و ناوەوەی لۆڤەر دانراوە، وەك سیستەمی سكانی لێزەری و ئاگاداركردنەوەی بەپەلە، سەدان كارمەندیش تەنیا ئەركیان پاراستنی مۆزەخانەی لۆڤەر و رێنوێنیی گەشتیارانە لە دەرەوە و ژوورەوە، تەواوی كارمەندانی مۆزەخانەكە بە هەموو بەشەكانەوە زیاتر لە 2000 كارمەندن".

لویس هەروەها گوتی "هەندێ كەلوپەل هەن زۆر ناسكن، ناكرێت گەشتیاران زۆر لێی نزیك ببنەوە، وەك تابلۆكەی مۆنالیزا كە لە نێو جام پاراستوومانە، چوونە پێش بۆ هەموو پەیكەرێك دیاری كراوەو بە شریت پارێزراوە، گەشتیاران دەبێت تێبگەن كە ئەم كەلوپەلانە دەبێت بەهەموو شێوەیەك بپارێزرێن".

ناتاشا لاورێ، گەشتیارێكی دیكەیە و لە ئەمەریكاوە هاتووە، ئەو لەگەڵ كەلوپەلە دانسقەكانی لۆڤەر وێنەی دەگرت، ناتاشا بە (رووداو)ی گوت "ساڵانێكە خەون بە لۆڤەرەوە دەبینم، ئەمساڵ بۆم رێكەوت بێم، من خەریكی مێژووناسیم و ئێستا بۆم رێكەوتووە لەگەڵ كۆمەڵێك قوتابی زانكۆ بەیەكەوە بێینە لۆڤەر، سوپاسی خودا دەكەم كە ئەم دەرفەتەی بۆ رەخساندم".

ئەم مۆزەخانەیە ساڵی 1792 كراوەتەوە و ئێستا جیان لویس مارتینێز بەڕێوەی دەبات كە لەساڵی 1997ەوە وەك كارمەند لەو مۆزەخانەیە دەستبەكار بووە. ساڵانە بە ملیۆنان گەشتیار سەردانی مۆزەخانەكە دەكەن و بەیەكێك لە گرنگترین و گەورەترین مۆزەخانەكانی جیهان دادەنرێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە