مۆزەخانەی لۆڤەر دووبارە کرایەوە

08-06-2016
پەسار فایەق
نیشانەکردن لۆڤەر، مۆوخانە
A+ A-
رووداو- ئاژانسەکان

مۆزەخانەی لۆڤەر، دوای ئەوەی بۆ ماوەی چوار رۆژ دەرگای بە رووی خەڵکدا داخست، ئەمڕۆ چوارشەممە، دووبارە کرایەوە.

هۆکاری داخستنی لۆڤەر بەهۆی لافاوەوە بوو و لە ترسی هاتنە ژوورەوەی ئاو، کارە هونەرییە گرانبهاکان لە نهۆمەکانی خوارەوە بۆ نهۆمەکانی سەرەوە گواسترانەوە.

ئەو مۆزەخانە بەهۆی داخستنییەوە، زیانەکانی بە 1.5 ملیۆن یۆرۆ (1.7 ملیۆن دۆلار) دەخەملێندرێت و لە ماوەی چوار رۆژدا 120 هەزار کەس بێبەش بوون لە سەردانی ئەو مۆزەخانەیە.

لە بەیاننامەیەکی مۆزەخانەکەدا هاتووە، بەهۆی لافاوەوە، 35 هەزار کاری هونەری لە نهۆمەکانی خوارەوەی مۆزەخانە بۆ نهۆمەکانی سەرەوە گواسترانەوە و دوای ئەوەی مەترسی لافاو نەما، بەرهەمەکان بۆ شوێنێ خۆیان گەڕێندرانەوە.

جگە لە داخستنی مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، مۆزەخانەی ئۆرسیەش لەو شارە داخرا.

لۆڤەر، بە گرنگترین مۆزەخانەی هونەری لەسەر ئاستی جیهاندا دەناسرێت، شوێنی مۆزەخانەکە پێشتر قەڵا بووە کە فیلیپ ئۆگۆست لە ساڵی 1190 دروستیکردووە، دواتر بووەتە کۆشک و ناوی لۆڤەری لێنراوە.

لە 10 ئابی 1793ـدا، کۆشکە کراوەتە مۆزەخانە و بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە.

هۆڵی نمایشی مۆزەخانەکە بە گەورەترین هۆڵی نمایشی بەرهەمە هونەرییەکان لە جیهاندا دەناسرێت و زیاتر لە 500 هەزار بەرهەمی هونەری تێدا نمایشکراوە.
  


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە