رووداو - هەولێر
ئاهەنگی 76ـەمین خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترینەکان لە فیلم و تەلەڤزیۆن لە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو. ئەکتەری ناودار کرستیان بێل، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە بەشی فیلمی کۆمیدی و میوزیکاڵی بۆ فیلمی ڤایس وەرگرت.
ئاهەنگەکە لە یەکێک لە بەناوبانگترین هۆتێلەکانی لۆس ئەنجلس لە کالیفۆرنیا بەناوی بیڤەرلی هیڵتن بە بەشداری سەتان ئەکتەر و خانمە ئەکتەری ئەمریکی، بیانی و میدیاکار بەڕێوەچوو.
بەربژێرەکانی گۆڵدن گڵۆب لە 6ـی کانوونی یەکەمی 2018 ناوەکانیان ئاشکرا کرا و بەدەر لە فیلمە ئەمریکییەکانیش، چەند فیلمێکی مەکسیکی، بەلجیکی، لوبنانی، ژاپۆنی و ئەڵمانیش بەربژێرکرابوون.
براوەکان لەلایەن دەزگای میدیای بیانی هۆڵیوودەوە دەستنیشانکرابوون کە 53 وڵات ئەندامییان لەو دەزگایەدا هەیە.
ئاهەنگەکە لەلایەن ساندرا ئۆ، خانمە ئەکتەری کەنەدی و ئاندی سامبێرگ، ئەکتەری ئەمریکی بەڕێوەبردرا و یەکێک بوو لە ئاهەنگە هەرە بە جۆش و خرۆشەکانی ئەمریکا و چاوی زۆربەی خەڵکی جیهان، بەتایبەتیش هونەرمەندانی لەسەربوو.
خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆیەکەمجار لە 20ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1944، واتە 74 ساڵ بەر لە ئێستا لە ئەمریکا دابەشکراوە و تاوەکو ئێستا ئەم خەڵاتە ساڵانە دابەشدەکرێت و تەنیا ئەو فیلمانەش دەتوانن بپاڵێورێن کە تەمەنی بەرهەمهێنانیان لە ساڵێک زیاتر نەبێت.
تۆڕی میدیای رووداو، کاژێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 7-1-2018) رووماڵی دابەشکردنی خەڵاتەکانی کرد.
لەم رێورەسمەدا، ئەکتەری ناودار کرستیان بێل، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە بەشی فیلمی کۆمیدی و میوزیکاڵی بۆ فیلمی ڤایس وەرگرت. لە بەشی فیلمی بیانی، فیلمی مەکسیکی رۆما کە لە دەرهێنانی ئەلفۆنسۆ كوارون بوو، خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی وەرگرت، کە بەشێوازی رەش و سپی بەرهەمهاتووە. گۆرانی " Shallow "ـی لەیدی گاگاش خەڵاتی باشترین گۆرانی فیلمی وەرگرت.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ