كچێكی بولگاری و كوڕێكی كورد تۆم و جێری دەهێننە كوردستان

04-11-2014
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن تۆم و جێری کوردستان داعش
A+ A-
رووداو- سلێمانی

كچە بولگاریەك لەم بارودۆخە دژوارەی كوردستان دێتە شاری سلێمانی و دەیەوێت بە كاری هونەری رووبەڕووی داعش ببێتەوە، ئەو هێندە هۆگری كوردستانە كە ئامادە نییە دەستبەرداری ژیانی سلێمانی بێت، بۆیە دەچێتە سەر تانك و بەرەنگاری داعش دەبێتەوە.

ئیلۆنا بالا، كچە نمایشكار و ئەكتەری بولگاری ماوەی پێنج مانگە هاتووەتە سلێمانی و لەگەڵ فۆتۆگرافەرێكی كورد سەرقاڵی كاری هونەرییە كە پڕۆژەیەكی فۆتۆ ستۆرییە و دەیەوێت لە رێگای فۆتۆوە پەیام بۆ دوژمنانی كورد بنێرێت.

 ئێلۆنا بالا بە (رووداو)ی گوت "من بۆیە هاتوومەتە كوردستان بۆ ئەوەی پڕۆژەكانی خۆم لێرە ئەنجامبدەم، لەبەر ئەوەی هەست دەكەم لێرە باشتر دەتوانم پەیامەكانی خۆم بەهەموو جیهان نیشان بدەم، لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان بە دنیای دەرەوە بناسێنم، چونكە لەو باوەڕەدام زۆر كەس هیچ دەربارەی كورد نازانن، وەك من كە پێشتر هیچم سەبارەت بە كورد نەدەزانی".

ئێلۆنا زۆر سەرسامە بە خەڵكی كوردستان و دەڵێت "كە هاتمە كوردستان ئەو خەڵكە خۆڕاگر و میهرەبانەم ناسی، بەڕاستی زۆر پێیان سەرسام بووم. كوردستان هەمیشە لانە و پەناگەی هەموو مرۆڤێك بووە، من لە كوردستان زۆر شتی نوێ فێربووم لەگەڵ ئەوەشدا زۆر شتی جوان لە كورد فێربوووم".

ئێلۆنا باس لە یەكەمین پڕۆژەی دەكات لە كوردستان، ئەویش ئەوەیە كە دەیەوێ لە رێگای فۆتۆوە پەیامێك بۆ داعش بنێرێ. ئێلۆنا دەڵێت "كاتێك هاتمە شاری سلێمانی فۆتۆگرافەرێكی گەنجم بەناوی رەوەند ناسی، ئەو باسی لەوە كرد كە پڕۆژەیەكی فۆتۆیی هەیە و دەیەوێت من رۆڵی تێدا ببینم، منیش كە بیرۆكەكەم خوێندەوە زۆر پێی سەرسام بووم، هەرچەندە ناونیشانەكەی كەمێك كۆمیدییە، بەڵام تەواو واقیعیە و لەگەڵ رەوشی ئێستا دەگونجێت".

پرۆژەكەی ئێلۆنا و رەوەند بەناوی "تۆم و جێریی عێراق"ە. ئیلۆنا دەڵێت "ئێمە واهەست دەكەین ئەو پرۆژەیە تەواو لەگەڵ بارودۆخی عێراق دەگونجێت، چونكە وەك تۆم و جێری بەردەوام بەدوای یەكەوەن و شەڕ و ئاژاوە و ناكۆكی دروست دەكەن، هەرگیز بە ئارامی دانەنیشتوون، ئێمەش لەرێگای هاوێنەی كامێراوە بە جلوبەرگ و وێنەی تۆم و جێری لەسەر تانك و زرێپۆشەكانی شەڕ وێنەمان گرتووە".

ئێلۆنا گوتیشی دەیەوێت وەك كچێكی بیانی لە كوردستان بەرەنگاری داعش و دوژمنانی كورد ببێتەوە كە دەیانەوێ ئارامیی كوردستان بشێوێنن.

ئێلۆنا هێندە هۆگری كوردستان و خەڵكەكەی بووە، ئێستا هەوڵدەدات فێری زمانی كوردی ببێت، لەوبارەیەوە دەڵێت "من زۆر عاشقی كوردستان و خەڵكەكەی بووم، بۆیە ئێستا هەوڵدەدەم بەهاوكاری چەند خەڵكێكی دڵسۆز فێری زمانی كوردی ببم، بۆ ئەوەی زیاتر تێكەڵی كولتوور و فەرهەنگی كوردی ببم، هەروەها دەمەوێت زیاتر تێكەڵ بەژیانی كچانی كورد ببم، چونكە كچی كورد جوانییەكی سروشتییان هەیە و حەزو خولیای جوانیان بۆ ژیان هەیە".

فۆتۆگرافەر رەوەند جەواد‌ دەربارەی ئەم پرۆژەیە بە (رووداو)ی راگەیاند "دوای ئەوەی ئێلۆنام ناسی، بیرم لەوە كردەوە كارێكی هاوبەش بكەین و وەك مۆدێلێك كار لەو پرۆژەیەی من بكات، پرۆژەكەم باس لە شەڕ دەكات، بەناوی تۆم و جێریی عێراق كە گوزارشت لە بارودۆخی عێراق و ژیانی خەڵكی عێراق و كوردستان دەكات، چونكە هەمیشەو بەردەوام شەڕو ئاژاوە بەرۆكی ئەم میللەتەی بەرنەداوە، بۆیە هاتووم بە چەند شێوازێك گوزارشتمان لەو دیمەنانە كردووە، ئاڵای داعشمان بەكارهێناوە لەگەڵ تانك و زرێپۆش و پاشماوەی شەڕو بە جلێكی مۆدێرن و خودەی عەسكەری و چەند كارێكی دیكە كە تاوەكو تەواو نەبێت مانا نابەخشێت".

رەوەند جەواد گوتی‌ بەهەوڵی‌ جەمال پێنجوێنی‌ فۆتۆگرافەر كە هاوكاری بوو لەرێگەی‌ مۆدێل و كاری‌ فۆتۆوە سەرقاڵی‌ ئەم پرۆژەیەن، هەر بەم پرۆژەیەوە بەشداری چەند پێشانگایەكی جیهانی دەكەن كە بەنیازە لە ئەڵمانیا بكرێتەوە. 

رەوەند دەڵێت" دوای تەواوبوونی پرۆژەكە لە چەند پێشانگایەكی جیهانی داوەتكراوین و لەوێ فۆتۆكان نمایش دەكرێت، كە گرنگترینیان ئەوەی ئەڵمانیایە و بڕیارە لەو ماوەیە ساز بكرێت و ئێمەش بەشدار دەبین".

ئەم پرۆژەیە بەشێكی زۆری لە ئەمنە سوورەكەی سلێمانی وێنە دەگیرێت، دەربارەی بەكارهێنانی ئەم شوێنە رەوەند گوتی" وەك دەزانرێت ئەمنە سوورەكە سیمبولی رق و كینە و لەناوبردنی گەلی كورد بووە، چەندین كەس لەوێ شەهید بوونە و ئێستا پاشماوەیەكی زۆری رژێمی بەعس لەوێ ماونەتەوە، ئێمەش دەمانویست ئەمە نیشانی جیهان بدەین كە چۆن بەردەوام گەلی كورد دووچاری مینەتی و لەناوبردن بووەتەوە، بەڵام هەمیشە خۆڕاگر و بەهێز بووەو نەكەوتووە".













کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە