رووداو- هەولێر
فیلمێکی ئەنیمەیشنی کوردی بەناوی نەخشە، کە لە نووسین و دەرهێنانی ئازاد جەنەتییە، لە چوار فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کێبڕکێی وەرگرتنی خەڵات دەکات.
لەمبارییەوە ئازاد جەنەتی دەرهێنەری فیلمەکە بەرووداوی راگەیاند" ئەم بەرهەمە سینەماییە، لە یەکەم بەشداری نێونەتەوەییدا لە چوار فێستیڤاڵی گرنگی سینەمایی بۆ کێبڕکێکردن وەرگیراوە، کە ئەوانیش بریتین لە ۱٦مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سانتا کروزی ئەمریکا،هەروەها ۱۲مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سایەکسی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم فیلمە بەشداری لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و خەڵاتی فیلمی ملبۆرنی لە ئۆستۆرالیا دەکات".
فیلمی ئەنیمەیشنی نەخشە، لە ۷ خولەک پێکهاتووەو لەساڵی ۲۰۱٨ لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمهاتووە و بە ستایلێکی نوێ وێنەگیراوە.
جەنەتی لەبارەی چیرۆک و پەیامی فیلمەکە دەڵێت " فیلمی نەخشە چیرۆکی ژنە کوردێک دەگێڕێتەوە، کە شارەکەیان کیمیاباران کراوە، ئەم فیلمە بەرهەمێکی سینەمایی دژە جەنگە، کە زیانەکانی هێرشی کیمیایی لە دەریاچەی هونەری ئەنیمیشنەوە بە شێوازێکی دڵتەزێن وێنا کردووە".
دەرهێنەری فیلمەکە دەشڵێت "میوزیکی ئەم ئەنیمەیشنە لەلایەن کەژوان زیائەدینی دانراوە، هەروەها کاری دەنگی لەلایەن ئارش سادقی جووت جێبەجێکراوە، هاوکات نیگارکێشی ناسراوی کورد، مەهدی زیائەدینی وێنە دیجیتاڵییەکانی کێشاوە، ئەنیماتۆری بەرهەمەکە ئازاد جەنەتییە و مودێلینگەکەی ئازین جەنەتی ئەنجامیداوە".
ئازاد جەنەتی، نووسەر و دەرهێنەری ئەم بەرهەمە هونەرییە لە ساڵی ۱۹٨۰ لە سنەی رۆژهەڵاتی کورستان لە دایکبووە و دەرچووی بەشی دەرهێنەری سینەمایی لە زانکۆ هونەری تارانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ