رووداو دیجیتاڵ
کۆرۆنا هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد و رەنگدانەوەی لە هەموو کایەکانی ژیاندا هەبوو، لە نێو هونەریشدا بەشێوەیەکی بەرفراوان کاری لەسەر کرا، بەتایبەتیش لە پیشەسازی سینەمادا.
"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" فیلمێکی بڵندی کوردییە و لە ناونیشانەکەیەوە دیارە کۆرۆنا مژارێکی سەرەکییە تێیدا.
ئەم بەرهە لە سیناریۆ و دەرهێنانی شوان عەتووفە و رووداوەکانی لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا روودەدەن، تێیدا کوڕەکانی (غورەی قەساب) دەکەونە گەرمەی کێشەی ژنهێنان و چاوەڕێی مردنی باوکیانن؛ بۆ ئەوەی ئەم ململانێیە یەکلایی بکەنەوە.
لەسەر شەقامەکانیش کارەکتەری (حەمە حەیوان) و گرووپەکەی لەگەڵ ئەوەی یاخین لە کۆمەڵگە، بەڵام خەریکی پاراستنی سەگ و پشیلەی سەر شەقامەکانن.
کۆرۆنا دێت و کەرەنتینەی گشتی راستییە زۆر شاراوەکەی ئەم چیرۆکەیان بە شێوازێکی هونەری و کۆمیدی بۆ دەردەخات.
شوان عەتووف لەبارەی چیرۆکی فیلمەکەوە دەڵێت، چەند دیوێکی هەیە، دیوێکی مردنی خەڵکە بە ڤایرۆسێک، دیوێکی کۆمێدیشی کۆمێدی بووە و بەهۆی مانەوەی خەڵک لە ماڵەکانیاندا، دیوە هەر گرنگەکەشی کە تیشکی دەخاتە سەر، مژاری مرۆڤایەتی و مرۆڤدۆستییە.
جگە لە بەشداری ژمارەیەک ئەکتەری سەرەکی لە فیلمەکەدا، ژمارەیەک ئەکتەری لاوەکیش تێیدا بەشدارن، لەوانەش تینا سەرمەند کە لە فیلمەکەدا رۆڵی لە نێو گرووپێک لە هاورێیانیدایە و کۆکەرەوەی گرووپەکەیە.
فیلمەکە لە ژانری کۆمیدی، رۆمانسی و دراماییە و لە بەرهەمهێنانی سۆران عوسمان و کۆمپانیای 'سۆ پڕۆدەکشەنە'، بڕیارە لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا، لە یەککاتتدا لە سینەماکانی باشووری کوردستان لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک پێشانبدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ