رووداو - هەولێر
ئەو بەنگلادیشی و ئەسیوپیانەی لە كوردستان دەژین، دەڵێن گۆرانیی كوردی سەرنجی راكێشاون و زۆربەشیان گوێ لە گۆرانییەكانی عەزیز وەیسی دەگرن. كوڕە بەنگلادیشییەكان دەڵێن سەرسامن بە كچە گۆرانیبێژانی وەكو لۆكە و نازدار.
لەگەڵ پێشكەوتنی كەرتی ئابووری لە هەرێمی كوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا، ژمارەیەكی زۆر كرێكاری بیانی روویان كردە كوردستان كە بەشی هەرەزۆریان بەنگلادیشی و ئەسیوپی بوون و بەهۆی مانەوەیان لە كوردستان خەریكە دەكەونە ژێر كاریگەری هونەر و میوزیكی كوردی.
عەزیز وەیسی و دەشنێ بۆ هەڵپەڕین و دانس
بەپێی بەدواداچوونێكی (تۆڕی میدیایی رووداو)، زۆربەی كرێكارە بەنگلادیشی و ئەسیوپییەكان گوێ لە گۆرانییەكانی عەزیز وەیسی و دەشنێ موراد دەگرن.
ڤیكتۆریا ناردۆس كە كچێكی ئەسیوپییە و لە شوقەكانی ناز سیتی لە هەولێر كار دەكات، گۆرانییەكی كەمال محەممەدی كردووەتە ئاوازی زەنگی مۆبایلەكەی. ڤیكتۆریا لەبارەی گوێگرتن لە گۆرانیی كوردی گوتی "زۆر گوێ لە گۆرانیی كوردی دەگرم، بەتایبەتی عەزیز وەیسی، دەشنێ موراد، زەكەریا عەبدوڵڵا و كەمال محەممەد، هەندێ لە هونەرمەندەكانیش دەناسم بەهۆی ئەوەی من لە شوقەكانی ناز ستی كار دەكەم و هەندێكیان لێرە دەژین".
ڤیكتۆریا گوتی "لە ئاهەنگەكاندا بۆ هەڵپەڕین و شایی عەزیز وەیسی دەخەینە سەر و بۆ دانس و سەماش لەگەڵ گۆرانییەكانی دەشنێ سەما دەكەین".
سەرسامن بە لۆكە و نازدار
كوڕە گەنجە بەنگلادیشییەكان لۆكە و نازدار بە جوانترین هونەرمەندی ئافرەتی كورد دەزانن. حافز نور ئیسلام، 24 ساڵ، كە ماوەی پێنج ساڵە لە شاری هەولێر كار دەكات، گوتی "گوێ لە گۆرانییەكانی عەزیز وەیسی و هەڤاڵ ئیبراهیم و دەشنێ و نازدار دەگرم، بەڵام لۆكە و نازدار زۆر زۆر جوانن".
جهانگیر محەممەد، كرێكارێكی دیكەی بەنگلادیشی كە ماوەی 3 ساڵە لە هەولێر كار دەكات، گوتی كە زۆر گوێ لە گۆرانیە كوردییەكان دەگرێت، بەتایبەتی گۆرانی "من ئاشقانە"ی گۆران ساڵح و وەك لە دەمی خۆشیەوە گوتی "لێ لێ لۆ لۆی نازدار".
جیهانگیر دەڵێت "لە نێو ئافرەتەكاندا نازدار زۆر جوانە، خۆزگە هاوسەرەكەم وەك ئەو جوان دەبوو هیچم نەدەویست".
عەبدولباست لەو بازاڕەی كاری تێدا دەكات، بە عەبدولباسیت بەنگلادیشی بانگی دەكەن، ئەو وەك ئەوەی نوێنەری بەنگلادیشییەكانی كوردستان بێت، گوتی "هەموو بەنگلادیشییەكان گوێ لە عەزیز وەیسی دەگرن".
رۆستەم سامسۆر، تەمەن 21 ساڵ، ماوەی پێنج ساڵە لە كوردستان لە ئۆفیسی كۆمپانیایەك كار دەكات و مۆبایلەكەی چەندین گۆرانی كوردی تێدایە، زۆربەیان گۆرانییەكانی عەزیز وەیسی و نازدار و هەڤاڵ ئیبراهیم بوو.
محەممەد شوروز، 31ساڵ، لەبەردەم بازاڕی نیشتمان خەریكی شتكڕین بوو، ئەو گوتی من تەنیا گوێ لە یەك گۆرانی دەگرم و پێم خۆشە، بەڵام نە ناوی گۆرانیبێژەكە دەزانم نە ناوی گۆرانییەكە، تەنیا دەزانم گۆرانییەكە دەڵێت "شیرین شیرین شیرینی تو، شەكر شەكر شەربەتی تو، تو یارا منی".
عەریف، تەمەن 29 ساڵ، شێتی لۆكەیە و خەون بە كچێكی وەك ئەوەوە دەبینێ، وەك خۆی گوتی "بەخوا لۆكە زۆر زۆر زۆر جوانە و گوێ لە گۆرانییەكانی ئەو دەگرم، حەز دەكەم كچێك بێنم وەكو لۆكە جوان بێت".
عەریف گوتیشی، ئەو ئامادەیە بچێتە خوازبێنی لۆکە زاهیر و بەشێوەیەی شەرعی داوای دەستی بکات و وەک خۆی دەڵێت، "ئەگەر لۆکە شوم پێ بکات، ئەوا ژیانم زۆر خۆش دەبێت".
عەزیز وەیسی بەهۆی ستایلی گۆرانییەكانی لە نێو بەنگلادیشی و ئەسیوپییەكاندا ناوبانگێكی زۆری هەیە و هەموویان دەیناسن، هەر پێیان بڵێ گوێ لە كامە هونەرمەند دەگریت؟ راستەوخۆ یەكەمین ناو عەزیز وەیسییە.
ئەحمەد كە گەنجێكی بەنگلادیشی تەمەن 31 ساڵە، گوتی "گوێ لە گۆرانی هیندی رادەگرم، لە كوردەكانیش عەزیز وەیسی چاومانە".
نور ئیسلام، گەنجێكی دیكەی بەنگلادیشییە و چوار ساڵە لە كوردستان كار دەكات و زۆر بیری خێزانەكەی دەكات لە بەنگلادیش. كاتێك داوامان لە نور كورد گۆرانییەكی كوردی بڵێت، كەمێك بیری كردەوە و دواتر گۆرانی (بۆ كوردستان)ی زەكەریا عەبدوڵڵای گوت.
ئەسیوپییەكان گوێ لە هێڵی لەڤ دەگرن
هێلی لەڤ ئەگەرچی تەنیا یەك گۆرانی هەیە، بەڵام هەواداری ئەسیوپی زۆری هەیە، چونكە ئەسیوپییەكان ئینگلیزی دەزانن و لە گۆرانییەكەی تێدەگەن.
لیندا رۆما، ماوەی 3 ساڵە لە كوردستانە و لە گوندی ئەڵمانی كار دەكات، دەڵێت زۆربەی ئەسیوپی و بەنگلادیشییەكان گوێ لە عەزیز وەیسی و دەشنێ موراد دەگرن "چونكە عەزیز وەیسی گۆرانییەكانی هەڵپەڕكێن و خەڵك حەزی لێدەكات، دەشنێ مورادیش ستایلێكی نزیكی ئەوروپایی هەیە، بۆیە لەكاتی ئاهەنگ و بۆنەكاندا سەمای لەگەڵ دەكەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ