فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی کان پێشبڕکێ دەکات

04-05-2015
دەرباز یونس
رووداو
رووداو
نیشانەکردن فێستیڤاڵی کان فیلمی کوشتارگە
A+ A-

رووداو - هەولێر

کورتە فیلمێکی سینەمایی کوردی، لە 68 ەمین خولی فێستیڤاڵی کان-ی جیهانی کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لە شاری کانی فەرەنسا بەڕێوەبچێت، پێشبڕکێ دەکات.

فیلمی کوشتارگە، کورتە فیلمێکی سینەمایی کوردییەو بەرهەمی گرووپی ئازادی سەربەخۆی سینەماییە، فیلمی کوشتارگە بە نوێنەرایەتی بەشی هونەری زانکۆی تاران بەشداری لە پێشبڕکێی سەرەکی سینیفۆنداسیۆن لە فێستیڤاڵی کان-ی جیهانی دەکات.

سینیفینداسیۆن بەشێکی سەرەکی پێشبڕکێی کانە کە تایبەتە بە زانکۆ و پەیمانگا هونەرییەکانی جیهان، بۆ ساڵی 2015 لە نێو 1600 فیلم تەنیا 18 فیلم بەنوێنەرایەتی 16 وڵات و چوار کیشوەر پێشبڕکێ دەکەن.

سینەماکارێکی کورد لە بارەی بەشداری ئەم فیلمە کوردییە لە فێستیڤاڵی کان-ی جیهانی بەناوی زانکۆی تاران-ی وڵاتی ئێرانەوە، لە بری ناوی کوردستان دەڵێت " ئەمە بابەتێکی سیاسییەو سینەماکاران و کەسانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە جیهان نەیانتوانیوە کارێک بکەن کە لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان وەک دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکرێت، ئەگەرنا هەر لە فێستیڤاڵی کانی ئەمساڵدا، فیلمێک بەناوی فەڵەستین کێبڕکێ دەکات، لە کاتێکدا ئەوانیش وڵات نین".

فێستیڤاڵی کان بەیەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهان دادەنرێت، یەکەمین خولی فێستیڤاڵەکەش لە شاری کان-ی فەرەنسا، لە ساڵی 1946 لە لایەن لامبێرت وێلسۆن بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش 68-ەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە 13-ی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات و تاکو 24ی هەمان مانگ بەردەوامی دەبێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە