رووداو دیجیتاڵ
1ـی تشرینی یەکەم، رۆژی جیهانیی میوزیکە و ساڵانە لە کوردستان یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە و چەند چالاکییەک سازدەکرێن و بڕیاربوو ئەمساڵ چەند چالاکییەک لەمبارەیەوە سازبکرێن، بەڵام لە هەولێر بەشێک لەو چالاکیانە دواخران.
نامیق هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی رووداوە ناخهەژێنەکەی حەمدانیە، کۆنسێرتی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیێیان لە هەولێر دواخست کە بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە هۆڵی رۆشنبیری هەولێر سازبکرێت.
هەروەها بڕیاربوو، ئەمڕۆ بۆ بەرزڕاگرتنی رۆژی جیهانیی میوزیک، بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر کۆنسێرتێک سازبکەن، بەڵام بەهەمان شێوە بەهۆی رووداوەکەی حەمدانیە دواخرا.
رێبوار عەبدوڵڵا، هونەرمەند و مامۆستا لە بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، دوابەدوای راگەیاندنی سێ رۆژ ماتەمینی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لەبارەی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی قەزای حەمدانیە، کۆنسێرتی بەشی میوزیک بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
رۆژی جیهانیی میوزیک لە 1974 لەلایەن ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ میوزیکی سەر بە رێکخراوی یونسکۆ دیاریکراوە و لە 1975 زیاتر لە 150 وڵات یادی ئەو رۆژەیان کردەوە.
فەرەنسییەکان لە کاتێکی جیاواز یادی رۆژی جیهانیی میوزیک دەکەنەوە کە 21ـی حوزەیرانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ