رووداو- هەولێر
نازدار جزیری، خانمە هونەرمەندی كورد، دوای شووكردنی بە هونەرمەند رابین، ماوەی چەند ساڵێكە هیچ بەرهەمێكی بڵاونەكردووەتەوە، ئەو ئێستا لە باشووری كوردستانە و سەرقاڵی تۆماركردنی ئەلبوومێكی گۆرانییە. نازدار لەم هەڤپەیڤینەدا زانیاری زیاتر لەبارەی ئەلبوومەكەی و نهێنی شاردنەوەی شووكردنەكەی بۆ (رووداو) ئاشكرا دەكات.
رووداو: دووركەوتنەوەت لە گۆرانیگوتن بۆ ماوەی چەند ساڵێك، هەگبەكەتی پڕ لە كاری نوێ نەكردووە؟
نازدار: پێشتر بارودۆخی سیاسی و ئابووریی كوردستان یارمەتیدەر نەبوو بۆ ئەوەی كاری هونەری بڵاوبكەینەوە، چونكە شەهید و قوربانیی زۆرمان دا لە شەڕی دژی داعش، بەهۆی ئەو بارودۆخەوە نەمتوانی وەكو پێویست لە كاری هونەری بەردەوام بم.
رووداو: پێنجەم ئەلبوومی تۆ چ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەلبوومەكانی دیكەت دەبێت؟
نازدار: بێگومان جیاوازە، دەرهێنەرم گۆڕیوە و هەوڵم داوە دەنگێكی زۆر پاك و بە كواڵیتییەكی بەرز بگاتە ئاستێكی جیهانی، چونكە زۆر كەس حەز لە گۆرانی بیانی دەكەن و دەیانەوێ گۆرانیی كوردیش بەشێوازێكی جیهانی لەلایەن هونەرمەندانی كوردەوە پێشكەش بكرێ. ئەلبوومەكانی پێشووم یەك گۆرانی خۆمی تێدابوو، ئێستا چوار گۆرانییان تێكست و ئاوازی خۆمن، گۆرانییەكی تەكنۆ پۆپە، یەكیان پۆپە، سلۆ، ئەرابێسك، گۆرانییەكی نەتەوەییشی تێدایە كە پێشەكییەكەی وەك سەمفۆنیایەكە.
رووداو: لە رووی ئاواز و تێكستەوە چی نوێی تێدایە؟
نازدار: ئەمجارە لەگەڵ بەشێكی زۆر لە ئاوازدانەر و شاعیر كارم كردووە، تێكست و ئاوازێكیان هی هونەرمەندی نەمر محەمەد تەیب تاهیرە، هەروەها گۆرانییەك هونەرمەند عەبدولقەهار زاخۆیی پێشكەشی كردووم. یوسف رەمەزان، دوو گۆرانی داوە بە من كە یەكێكیان كرمانجییە و ئەوەی دیكەیان سۆرانییە. بەرهەمێكی دیكەم، تێكستی ئەردەوان برادۆستییە و ئاوازی خۆمە. لە هیچ ئەلبوومێكدا گۆرانیی فۆلكلۆری لەبیرناكەم، چونكە من وەكو كچە كوردێك فۆلكلۆر بە بناغەی هونەری كوردی دەزانم، پێموایە هەر پێشكەوتن و جوانییەكی هونەری كوردی لە فۆلكلۆرەوە سەرچاوە دەگرن.
رووداو: بۆچی 12 تراكت بۆ ئەم ئەلبوومە هەڵبژاردووە؟
نازدار: دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر توانیم ئەم 12 تراكە لە نێوان 30 تاوەكو 40 گۆرانی هەڵبژێرم.
رووداو: چی وای لە تۆ كرد كە خۆت ئاواز و تێكست دابنێی؟
نازدار: پاش ئەوەی لە ئەلبوومی "لیلیۆ" گۆرانییەكم بەناوی "من بیریا تە كریە" سەركەوتنی بەدەست هێنا، بڕیارم دا لەو ئەلبوومەدا گۆرانی زیاتر لە تێكست و ئاوازی خۆم دابنێم، بۆیە لەم ئەلبوومەدا گۆرانییەكم لەسەر بووك ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی لە ئاهەنگەكاندا خەڵك پشت بە گۆرانی فارسی و عەرەبی نەبەستن.
رووداو: رابینی هاوژینت هونەرمەندێكی بە توانایە، بەڵام بۆچی تاوەكو ئێستا هیچ دوێتێكتان بەیەكەوە نەكردووە؟
نازدار: بەنیاز بووین لەو ئەلبوومە نوێیەدا دوێتێك بكەین، بەڵام گۆرانییەكە ئامادە نەبوو. هەر كاتێك گۆرانییەك هەبوو كە لە رووی تێكست و ئاوازەوە گونجاو بێت، ئەوا بێگومان پێشكەشی جەماوەری دەكەین، ئەمە یەكەمجارە من لەسەر رابینی هاوژینم بۆ رووداو دەدوێم، تاوەكو ئێستا لە راگەیاندنەكان باسم لە رابین نەكردووە.
رووداو: كەواتە ئەو دەنگۆیانەی دەگوتران كە نازدار شووی بە رابین كردووە راست دەرچوون، ئەی بۆچی شاردتانەوە؟
نازدار: حەزمان نەكرد كاری تایبەت تێكەڵ بەژیانی هونەریمان بكەین، پێمان باش بوو، ژیانی تایبەتی خێزان هەر بەشاراوەیی بمێنێتەوە، بەڵام پشتی دوو ساڵان بنەماڵەی ئێمە و رابین پێیان باش بوو ئاشكرای بكەین، بەڵام ئێمە هەردووكمان پێمان باش بوو كاری هونەری بخەینە پێش كارە تایبەتییەكانمان.
رووداو: بە خۆشەویستی هاوسەرگیریتان كرد؟
نازدار: بەخوا سوپرایز بوو "بە پێكەنینەوە".
رووداو: دوای لە دایكبوونی كچەكەتان بەناوی كەنی چی لە نازدار گۆڕاوە؟
نازدار: دوای لەدایكبوونی كەنی هەموو شتێك گۆڕاوە، هەستێكی دایكایەتی زۆر خۆشم هەیە، دایكایەتی پیرۆزترین و گەورەترین و خۆشترین هەستە لای من، ئێستا لای من دنیا لەلایەك و كەنی تەنیا لەلایەكە، هەڵبەتە رابین ناوی ناوە كەنی، ئەوەش بۆ من مانایەكی مەزنی هەیە.
رووداو: هاوژینەكەت زۆر هاوكاریت دەكات؟
نازدار: من زۆر خۆشحاڵم كە كەسێكی وەك رابین پشت و پەنای منە لە ژیان و لە كاری هونەریمدا، چونكە چۆن بۆ كارەكانی خۆی هەوڵ دەدات، ئەوەندەش بۆ من هەوڵ دەدات، بۆیە هەر كاتێك كە دەستمان بە بەرهەمی رابین كرد، بێگومان منیش بە هەموو شێوەیەك هاوكاری دەكەم و لە بەرنامەماندایە دەست بە كارەكانی ئەویش بكەین، چونكە چەند حەز دەكەم كارەكانی خۆم سەركەوتوو بن، ئەوەندەش حەز دەكەم كارەكانی رابین سەركەوتوو بن، ئەمەش هەستێكی زۆر جوانە كە دوو كەس یەكتر تەواو بكەن و نەبنە رێگر لەبەردەم یەكدی.
گۆرانییەك بە یەكتری ناساندن
رابین لە كاتی ئەم هەڤپەیڤینە لەگەڵ نازدار ئامادەبوو، باسی ناسینی نازادار-ی كرد و گوتی :"من گۆرانییەكم بەناوی (ئەز دگەرم وار بە وار) لە یوتیوب هەبوو، نازداریش زۆر حەزی كردبوو ئەم گۆرانییە بڵێتەوە، بۆیە پەیوەندی بە منەوە كرد و گوتی حەز دەكەم ئەم گۆرانییە لە ئەلبوومە نوێیەكەمدا بڵێمەوە، منیش پێشكەشم كرد. ئەو گۆرانییە بووە دەستپێكی خۆشەویستیمان. نزیكەی ساڵێك پەیوەندیمان هەبوو".
رابین باسی هۆكاری شاردنەوەی هاوسەرگیرییەكەیان دەكات و دەڵێت: "زۆر لە هاوژینەكان لەگەڵ یەكدی ناگونجێن و جیادەبنەوە، ئێمەش هەتا دڵنیا نەبووین كە دەتوانین بەیەكەوە بژین، حەزمان نەكرد هاوسەرگیرییەكەمان ئاشكرا بكەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ