گرووپێکی کوردی دوو کۆنسێرت لە رووسیا سازدەکات

01-04-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن گرووپی "با. میوزیک"
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"با. میوزیک" گرووپێکی میوزیکی کوردییە، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە کۆنسێرتێکی لە شاری یارۆسڵاڤل رووسیا سازکرد، ئەمڕۆش کۆنسێرتێک لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە سازدەکات.
 
بێکەس نووری عەبدال، سەرپەرشتیاری گرووپی "با. میوزیک" بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە 31ـی ئاداری 2024 کۆنسێرتێکیان لە شاری یارۆسڵاڤلی رووسیا سازکرد، بڕیارە کاژێر 17:00 کۆنسێرتێک لە مۆسکۆ ساز بکەن.  
 
گوتیشی، ئەوان توانیان رەزامەندی لیژنەی باڵای کۆنسەرڤاتۆاڕی چایکۆڤسکی بەدەسبێنێت و بانگهێشتی رووسیا بکرێن، هەروەها پێشتر لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، هونەرمەند مونیر بەشیر هەمان رەزامەندی وەرگرتووە و کۆنسێرتی لە رێگەی ئەو ناوەندە هونەرییە لە رووسیا سازکردووە، بەڵام هیچ گرووپێکی دیکەی میوزیکی لە باشووری کوردستان و عێراق نەیتوانیوە ئەو رەزامەندییە لەو ناوەندە وەربگرێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو چالاکییە لە رێگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و د. دانەر مستەفا، نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا کراوە، هەروەها سوپاسی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکی و ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری دهۆکی کرد کە پاڵپشتی گرووپەکەیان بووە بۆ ئەو گەشتەیان.
 
گرووپی "با. میوزیک" لە 2011 لە دهۆک دامەزراوە، 11 ئەندامی هەیە، هەموویان ئەکادیمین و بەشێکیان بڕوانامەی باڵایان هەیە، کار لەسەر میوزیک و گۆرانی رەسەنی کوردی دەکات.
 
ستافی گرووپەکە بریتین لە: بێکەس نووری عەبدال، سەرپەرشتیاری گرووپی و ژەنیاری ئامێری قانوون، باوەڕ حاجی عەبدولعەزیز، ژەنیاری ئامێری عود، ئارام کاوە، ژەنیاری ئامێری ڤایۆلین، بزاڤ کیڤی، ژەنیاری ئامێری گیتار و بەنگین باڵەبان، ژەنیاری ئامێری باڵەبان.
 
کاوار سلێمان، ژەنیاری ئامێری پارکسیۆن، رامان عوبەید، دەنگبێژ، نڤین حەسەن، دەنگبێژ، بەیان فەرید، دەنگبێژ، ئەلمان ئەمین، ژەنیاری تەمبوور و رەند عوبەید، دەنگبێژ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە