گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان: مووچەی مانگی حەوت بە هاوتاکراوی دابەش دەکرێت

31-08-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاگادار کراونەتەوە کە مووچەی مانگی تەممووز بە هاوتاکراوی دابەش دەکرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رێگەی گەنجینەکانەوە ئاگادارکراینەوە کە بڕیاردراوە مووچەی مانگی تەممووزی خانەنشینان بە هاوتاکراوی دابەش بکرێت".
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
 
ئێستا کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە. یاساکە جێبەجێ بکرێت، کەمترینی دەبێتە 500 هەزار دینار، 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادیکردووە.
 
بە گوتەی سادق عوسمان، جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینارە و بە جێبەجێکردنی یاساکە بەگوێرەی بڕوانامە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و مووچەیان لانیکەم دەبێتە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و بەشێکیشیان دەبێتە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.
 
هاوکات، سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی لەلایەن بەغداوە پەسەند کراوە و بڕە پارەیەکیشیان بۆ هاوتاکردنی تەرخانکردووە، بەڵام کەمە و بەشی هەموو خانەنشینان ناکات. 
 
بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان زیاتر لە 50 ملیار دینار پێویستە. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لەو پارەیەی بۆ مووچەی مانگی هەشت خەرج دەکرێت کورتهێنانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێ پڕبکاتەوە و بەو شێوەیە مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینان دابەش بکات.
 
بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتوو، کەمترین مووچە 500 هەزار دینار دەبێت و هەر خانەنشینێک 100 هەزار دیناری بژێویش وەردەگرێت دەبێتە 600 هەزار دینار، بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت بە ئارەزومەندانە خانەنشین بێت و لەکاتی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن. 
 
21-07-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە