رووداو - هەولێر
تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ زیانی دارایی گەورەی لێکەوتەوە، جگە لە زیانەکانی تەرمیناڵی فڕۆکەخانەکە، دەیان گەشتی فڕۆکەوانی بۆ ئەو فڕۆکەخانەیە راگیران و پشکی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانیش لە بۆرسەکانی جیهان دابەزین.
لە بازاڕی بۆرسەکاندا پشکی هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا بەڕێژەی 2.2% دەبەزین، لە هەمان کاتدا پشکی کۆمپانیای تەف کە کارگێڕی بەشی ئەوروپای فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەبات ، بە رێژەی 4% دابەزی. هەروەها پشکی کۆمپانیای بیچە سوس بۆ فڕۆکەوانی بە رێژەی 1% دابەزی.
هاوکات 9 گەشتی نێوان فڕۆکەخانەکانی ئەتاتورک و فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر هەڵوەشێندراونەتەوە، کە دوان لەو گەشتانە لە سلێمانی بۆ ئیستەنبوڵ دەچوون و یەک گەشتیشیان بە پێچەوانەوە، سێ گەشتیش لە هەولێر بۆ ئیستەنبوڵ دەچوون و سێ گەشتەکەی دیکەشیان بە پێچەوانەوە.
تاهیر عەبدوڵڵا ، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "ئەو دوو گەشتەی کە لە سلێمانی بڕیاربوو بۆ ئیستەنبوڵ بڕۆن، نزیکەی 200 گەشتیاری لەخۆی دەگرت".
دوان لەو گەشتانەش کە کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین رێکی دەخست، بڕیاربوو پاش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 29-6-2016 دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک ئەنجامبدرێن، جارێکی دیکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرانەوە.
موەفەق شێروانی ، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای فڕۆکەوانی زاگرۆس جێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەهۆی تەقینەوەکانی شەوی رابردووی فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی ئێستەنبوڵ زیانی 100 هەزار دۆلاریمان بەرکەوتووە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە وەرزی هاوین فڕۆکەخانەی ئەتاتورک زیاتر لە 1100 گەشتی رۆژانەی تێدا ئەنجام دەدرێت و زیانێکی دارایی زۆر بەر کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتیاری تورکیا کەوتووە.
سێ تەقینەوەی یەک لەدوای یەک لە بەشی گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ روویاندا پارێزگاری ئیستەنبوڵ دەڵێت " سێ کەسی خۆکوژ خۆیان تەقاندووەتەوە و 41 کەس کوژراون و 239 کەسی دیکەش بریندارن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ