هەموو گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی بەریتانیا هەڵوەشێنراونەتەوە

28-05-2017
رووداو @Rudawkurdish
دەیان هەزار گەشت دواخراون
دەیان هەزار گەشت دواخراون
نیشانەکردن بەریتانیا
A+ A-

رووداو - لەندەن

هێڵی ئاسمانی بەریتانیا بەهۆی کێشەی لەکارکەوتنی سیستەمەکانی ITـی، هەموو گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هیسرۆ و فڕۆکەخانەی گاتوویکی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بووە هۆی دواخستنی گەشتی دەیان هەزار کەس لە رۆژانی پشووی هاویندا.

ئەلێکس کروز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسمانی بەریتانیا رایگەیاند رۆژی شەممە 27-5-2017 سیستەمەکانی ئای تی کۆمپانیاکە، لەسەرتاسەری جیهان لەکارکەوتوون.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسمانی بەریتانیا هەروەها دەڵێ "ئێمە، لە سیستەمەکانی ئای تی کۆمپانیاکەماندا لەسەر ئاستی جیهان رووبەڕووی کێشە بووینەتەوە کە بووەتە هۆکاری پچران و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان. ئەگەر بڕیاربووە لەڕێی هێڵی ئاسمانی ئێمەوە گەشت بکەن، تکایە نەیەنە فڕۆکەخانە".

هێڵی ئاسمانی بەریتانیا رۆژانە لەڕێی دوو فڕۆکەخانەی لەندەن سەتان گەشت ئەنجامدەدات، ئەو گەشتانەش رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە گواستنەوەی خەڵک بۆ سەرانسەری جیهان.

ئەلێکس کروز لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دەڵێ "ئێمە، زۆر بە داخەوەین بۆ ئەم رووداوە. لەوە تێدەگەین مایەی نیگەرانی و بێزاری ئەو خەڵکەیە، کە بەتایبەتی پلانیان داناوە بۆ رۆژانی پشووی خۆیان و، بەنیازبوون لەڕێی فڕۆکەکانی ئێمەوە گەشت بکەن. دەمەوێت سوپاسی هەموو گەشتیاران بکەم کە پشوودرێژبوون. کارمەندانی ئێمە بەبێ ماندووبوون بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کاردەکەن".

لەسەرەتای دروستبوونی ئەو کێشەیە، هێڵی ئاسمانی بەریتانیا گەشتەکانی تاوەکو کاژێر 18:00 دواخست، بەڵام بەهۆی قەرەباڵخبوونی فرۆکەخانەکان، ناچاربوو هەموو گەشتەکانی رۆژی شەممە هەڵبووەشێنێتەوە.

کارۆلین باربی، گەشتیار دەڵێ "بەڕاستی نیگەران بووم، دوای ماوەیەکی درێژ بڕیارمدابوو بەمەبەستی پشوودان گەشت بکەم، ئێستا پشووەکەم لەدەستچووە، کاتێکیش گەڕامەوە بۆ ئەو هۆتێلەی تێیدا مابوومەوە، پێیان گوتم ژووریان نەماوە".

جودی وان هۆتێن، گەشتیارێکی دیکەیە و بەهۆی لەکارکەوتنی هێڵەکە خەمبارە، دەڵێ "لە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی بەریتانیا بووین، لە ڤانکۆڤەرەوە گەیشتینە فڕۆکەخانەی هیسرۆ. کە گەیشتینە ئێرە پێیانگوتین هەموو شتێک لەکارکەوتووە. ئێمە بەنیازبووین لێرەوە بەرەو شاری پراگ بڕۆین و، پەکمان کەوتووە. ناچارین لێرە لە لەندەن بمێنینەوە، لەبەرئەوەی هەموو شوێنێک پێشتر گۆڕدراوە، بۆ ئەوەی شەوێک لێرە بمێنینەوە دەبێت 1000 دۆلار بدەین، بەڕاستی زۆر خەمبارم".

هێڵی ئاسمانی بەریتانیا رایگەیاندووە سەرقاڵی چاککردنەوەی سیستەمەکانیانن و، هیوادارن رۆژی یەکشەممە گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە، بەڵام پێشبینیش دەکەن هەندێک کێشەی دیکە سەرهەڵبدەنەوە.

گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی هیسرۆ هەروەها گللـەییان هەیە و، دەڵێن هەردوو ماڵپەر و ئەپلیکەیشنی هێڵی ئاسمانی بەریتانیا لە کارکەوتوون و، ناتوانن زانیاری پێویست لەسەر گەشتەکانیان بەدەستبێنن.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
 
 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە