وەزیری وزەی توركیا: ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوومانە زۆر گرینگە

27-11-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن تانەر یڵدز
A+ A-

رووداو- AA

وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی خاكی توركیاوە زیاترە لە رێككەوتننامەیەك ‌و بە "بڕیارنامەیەكی گرینگ" وەسفی دەكات.

تانەر یەڵدز، وەزیری وزەی توركیا لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی خاكی توركیاوە بۆ بازارەكانی جیهان رایگەیاند: "ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوومانە، زیاترە لە رێككەوتننامە، بەڵكو بڕیارنامەیەكی زۆر گرینگەو زەمینە خۆش دەكات بۆ واژووكردنی چەندین پەیمانی دیكە".

 یەڵدز گوتیشی: "كۆمپانیاكانی دۆزینەوەو هەناردەكردنی نەوت و غاز، دەتوانن لەو بوارەدا دەست بە دانوستاندن بكەن".

وەزیری وزەی توركیا لەبارەی نیگەرانییەكانی حكومەتی فیدراڵ لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، رایگەیاند  نیگەرانیی حكومەتی فیدراڵ لەبارەی رێژەی هەناردەكردنی نەوت و چۆنێتی دەستنیشانكردنی نرخی ئەو نەوتەیە‌و گوتی "بۆیە ئێمە وەكو توركیا رەچاوی ئەو دوو تێبینییەی حكومەتی فیدراڵ دەكەین".

شەوی رابردوو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، كە پێكهاتوون لە عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان و سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەت و د.عەلی سندی، وەزیری پلاندانان بەرەو توركیا بەڕێكەوتن و ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆبوونەوە بەمەبەستی تاووتوێكردنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی توركیاوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە