رووداو- بەغدا
بەگوێرەی لێدوانی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بودجەی ئەمساڵدا، مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە رێژەی 100% زیادکراوە.
بەها ئەعرەجی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتی قسەکردن بۆ سەرنووسەری ژمارەیەک رۆژنامەی عێراقی رایگەیاند، پارەی تەرخانکراو بۆ بوارەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی لە بودجەی ئەمساڵدا بە رێژەی 100% زیادکراوە.
ئەعرەجی بە سەرنووسەرانی رۆژنامە عێراقییەکانی راگەیاندووە " کۆمەڵێک رێوشوێن لە بودجەی ئەمساڵدا گیراونەتەبەر، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئابوورییە خراپەی عێراق" و دڵنیایی داوە، کە ئەو دۆخە تێپەڕدەبێت.
بە گوتەی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بودجەی 2015 ئەولەویەت دراوەتە ئاسایش و تەندروستی و پەروەردە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە "هیچ پارەیەک لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان کەمناکرێتەوە"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە " سەرەڕای سەختی و دژواری بارودۆخەکە و شەڕ، بەڵام حکومەت پەرۆشی بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی و گوزەرانی خەڵکە.
ئەعرەجی گەشبینی خۆی بۆ سەرنووسەرانی رۆژنامە عێراقییەکان پیشانداوە، کە عێراق بەهۆی دەوڵەمەندییەکەیەوە بە سامانەکانی، ئەو قۆناخە تێدەپەڕێنێت، داواشی لە دەزگا راگەیاندنەکان کرد پشتگیری وڵاتەکەیانبن بۆ تێپەڕاندنی دۆخی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ