بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە

26-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای هێرشەکەی ئیسرائیل، بەهای تمەن بەرزبووەوە و ئەمڕۆ بە شێوەی حەواڵە 100 دۆلار بەرامبەر 6 ملیۆن و 700 هەزار تمەنە."
 
رۆژی پێنجشەممە پێش داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، 100 دۆلار بە شێوەی حەواڵە 6 ملیۆن و 850 هەزار تمەن بوو.
 
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای تمەن، رەوەز میرزا گوتی، "هەموو کات بەو جۆرەیە و پێش هێرش بۆ سەر وڵاتێک بەهای دراوەکەی دادەبەزێت، بەڵام کە هێرشەکە کرا و زانرا قەبارەی زیانەکە کەمە، بەهای دراوی وڵاتەکە بەرز دەبێتەوە."
 
هەر ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر بە 152 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و هاوشێوەی پێنجشەممەی رابردوو نزیکە لە جێگیربوون.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێک لەنێو ئێران. ئیسرائیل دەڵێت ئامانجەکانی پێکاوە و ئێرانیش رایگەیاند، "زیانی هێرشەکان زۆر کەم بووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە