رووداو - سلێمانی
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 29-10-2017 دەروازی سنووری پەروێزخان لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا بەڕووی هاونیشتمانیان و بازرگاناندا دەکرێتەوە.
سیروان محەممەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی گوتیشی "بە هەوڵی بەردەوامی ژووری بازرگانی سلێمانی و ژووری بازرگانی کرماشان حکومەتی ئێران بڕیاری کردنەوەی دەروازەی پەروێزخانی داوە و دواتریش دەروازی سنووری حاجی ئۆمەرانیش دەکرێتەوە".
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەیانی رۆژی چوارشەممە 25-10-2017 سنووری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە كرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی کوردستان دەڵێت، بۆ كردنەوەی دەروازەکان هیچ رێككەوتنێك نەكراوە و ئێران خۆی بڕیاری داوە.
وەک کاردانەوە بەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسی، ئێران لەسەر داوای حکومەتی عێراق رۆژی 15-10-2017 هەرسێ خاڵە سنوورییە فەرمییەكە (پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران)ی بەڕووی هەرێمی كوردستان داخستن.
بۆ بازرگانیكردن و هاتووچۆی خەڵك ئێران و باشووری كوردستان شەش خاڵی سنوورییان هەن، لەوانە (پەروێزخان و باشماخ و حاجی ئۆمەران) فەرمین و (كێلێ و سەیرانبەن و تەوێڵەش) دەروازەی نیمچەفەرمین.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ