سەرچاوەیەک بۆ رووداو: کۆتایی هەفتەی داهاتوو پارەی مووچەی مانگی چوار دەنێردرێت

24-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەستیپێکردووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆتایی هەفتەی داهاتوو پارەکە دەنێردرێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لیستەکە هیچ کێشەیەکی نییە، ئەو شاندەی لیستەکەیان بردبوو بۆ بەغدا، ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە، هەرێمی کوردستان و رۆژی یەکشەممە دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا تاوەکو پارەکە نەنێردرێت ناگەڕێنەوە."
 
سەبارەت بە کاتی ناردنی پارەی مووچەی مانگی چوار، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "سێشەممەی داهاتوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، تاوەکو ئەوکاتە وردبینی تەواو دەکرێت، دوای کۆبوونەوەکە مووچەی مانگی چوار دەنێردرێت، واتا دەکەوێتە کۆتایی هەفتەی داهاتوو."
 
رۆژی 20ـی نیسانی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "فەرمانگەی ژمێریاری، رێکارەکانی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی بۆ ئەم مانگە دەستپێکرد."
 
22ـی نیسانی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی نیسانی و بڕی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینارییان لە داهاتی نانەوتیی مانگی ئادار بۆ بەغدا ناردووە.
 
رۆژی 26ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە و لە سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشکرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە