باشووری کوردستان بەرزترین نرخی خانووبەرەی هەیە

21-06-2017
ئەلەند مەحوی
رۆژئاوای کوردستان نزمترین کرێی کرێکاری هەیە
رۆژئاوای کوردستان نزمترین کرێی کرێکاری هەیە
نیشانەکردن نرخی خانوو
A+ A-

رووداو - هەولێر 

سەرەڕای هاوسنووری و تێکەڵاوی بازاڕی پارچەکانی کوردستان لەگەڵ یەکدی، بەڵام نرخی کاڵاکان و کرێی کارکردن و مووچە لەنیوانیاندا زۆر جیاوازە، نرخی کاڵاکان و کرێی کارکردن لە باشوور و باکووری کوردستان لە ئاستێکی بەرزدان، بەپێچەوانەشەوە کرێی کارکردن و نرخەکان لە رۆژئاوای کوردستان بەهۆی کەمی پارەوە لە ئاستێکی نزمدان.


بەپێی بەدواداچوونێکی دیسکی ئابووری تۆڕی میدیایی رووداو، باشووری کوردستان بەرزترین نرخی خانووبەرەی هەیە و نرخی ناوەندی یەک مەتر خانوو لە هەولێر 500 دۆلارە، لە کاتێکدا نرخی ناوەندی یەک مەتر خانوو لە شاری ‌قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان تەنیا بە 137 دۆلارە.

پڕۆفیسۆر هۆشیار مەعروف مامۆستای ئابووری لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی دەڵێت "نابێت بارودۆخی ئابووری پارچەکانی کوردستان بە یەکتری بەراوورد بکرێت، چونکە بارودۆخی هەر پارچەیەکیان رەنگدانەوەی سیاسەتی بانکی وڵاتەکەیەتی، باشووری کوردستانیش بانکی ناوەدنی و سیاسەتی دارایی نییە". 

هاوکات مووچەی مانگانەی مامۆستا لە باکووری کوردستان بەراوورد بە پارچەکانی دیکەی کوردستان بەرزترین ئاستی هەیە و مامۆستایەکی بنەڕەتی مانگانە 850 دۆلار مووچەکەیەتی، لە کاتێکدا مووچەی مانگانەی مامۆستایەک لە رۆژئاوای کوردستان تەنیا 64 دۆلارە، لە باشووری کوردستانیش مووچەی ناوەندی مانگانەی مامۆستا 300 دۆلارە.

پرۆفیسۆر هۆشیار مەعروف دەڵێت "نرخی کاڵاکان و کرێی کارکردن لە رۆژئاوای کوردستان گرێدراوی بارودۆخی کەمی دراو و شەڕ و نا سەقامگیری سووریایە، بۆیە کرێی کارکردن و مووچە هێندە کەمە".

هەر بەپێی بەداواداچوونەکەی دیسکی ئابووری تۆڕی میدیایی رووداو، کرێی رۆژانەی کارکردنی کرێکار لە باشووری کوردستان بەرزترین ئاستی هەیەو کرێکارێک رۆژانە 24 دۆلاری دەستدەکەوێت، لە کاتێکدا نرخی کارکردنی کرێکارێک لە رۆژئاوای کوردستان تەنیا 5 دۆلارە، رۆژهەڵات و باکووری کوردستانیش نرخەکان تا ڕادەیەکی زۆر نزیکن لە یەکەوە و رۆژانەی کرێکار لەنێوان 14 بۆ 16 دۆلاردایە.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە