رووداو دیجیتاڵ
هەڵەبجە ساڵانە نزیکەی 35 هەزار تۆن هەنار بەرهەم دەهێنێت، هەروەها نزیکەی 85 هەزار دار گوێز لە سنووری پارێزگاکەدا هەن، بەڵام بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، بەرهەمی هەنار بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە و بەرهەمی گوێزیش باش نەبووە و کەمیکردووە.
رۆژی یەکشەممە، 20-11-2022، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمساڵ کوالێتیی هەناری سنوورەکەمان باشتر بوو لە ساڵی رابردوو، بەڵام بەرهەممان کەمتر بوو".
بە گوتەی ستار مەحموود، پێشتر ساڵانە بەرهەمی هەنار 30 بۆ 35 هەزار تۆن بووە، بەڵام ئەمساڵ نزیکەی 12 هەزار تۆن بووە.
سەبارەت بە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی هەناری هەڵەبجە، ستار مەحموود گوتی: "زستانی رابردوو یەکێک بوو لە زستانە سەختەکانی هەڵەبجە، پلەی گەرما گەیشتە 15 پلە ژێر سفر، بەفر باری پێچەوانەی ساڵانی رابردوو پێنج رۆژ مایەوە، ئەوەش زیانێکی زۆری بە باخەکانی هەنار گەیاند، هەروەها بەهاری رابردوو دار چرۆی کردبوو سەرمایەکی تووند هات و زۆرینەی وشک کرد، هەندێک باخی هەنار دوای ئەوە چرۆیان هەر نەکردەوە".
دەڤەری هەورامان بە گوێز بەنێوبانگە؛ نزیکەی 85 هەزار دار گوێز لەو سنوورەدا هەن، ئەمساڵ بەرهەمی گوێزیش کەمیکردووە؛ ستار مەحموود دەڵێت: "ناتوانین بزانین بەرهەمی گوێز چەند بووە؛ گوێز وەکو هەنار نییە، دار هەبووە 15 هەزار گوێزی پێوەبووە لە رابردوودا، باخیش هەبوو کۆی باخەکە 15 هەزار گوێزی نەبووە، هەروەها بەبازاڕکردنی گوێز بەشێکی لەنێو ماڵەکاندا، بەشێکی لە دووکانەکاندایە و نابرێنە عەلوەکانەوە؛ ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی نەتوانین بە وردی بەرهەمەکانی گوێز بزانین، بەڵام ئەوەی هەیە هەموو خاوەن باخەکانی گوێز بەئێمە دەڵین ئەمساڵ بەرهەمیان کەمبووە".
هەناری هەڵەبجە هەناردە دەکرێت
هەناری هەڵەبجە بەهۆی کوالێتییە باشەکەی، نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵكو لە دەرەوەش ناوبانگی پەیدا کردووە. ساڵانە بڕێک لە هەناری هەڵەبجە هەناردەی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی دەکرێت.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، رۆژانە رێکارە کارگێڕییەکان بۆ جووتیارەکان جێبەجێ دەکەن و هاوکاریانن کە سەقاڵی هەناردەکردنی هەنارن بۆ ئیمارات و چەند وڵاتێکی ئەوروپا.
ستار مەحموود گوتی، هەناردەکردن دەستیپێکردووە و وەکو کارێکی سەرەتا باشە بۆ کردنەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەش. گوتیشی: "دەبێت بزانین ئەم هەنگاوەمان سەرکەوتوو دەبێت یان نا، چونکە جارێ سەرەتایە و دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامەکەی بکەین، بزانین کوالێتییەکەی تاوەکو دەگاتە جێگەی بۆ نێردراو چۆن دەبێت".
هەناردەکردنی هەنار لە دەروازەی باشماخەوە دەستیپێکردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی هەناردنەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ