رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنیت، دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و جێبەجێکردنی یاساکە، نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق دەبێت.
ئێستا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 700-900 دینارە، بەڵام لە پارێزگاکانی عێراق 450 دینارە.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەو پێیەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا مامەڵەکردن بە نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا کراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار کراوە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل رادەست بکات، پێویستە لەسەر حکومەتی عێراقیش بێ جیاوازی مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکات لە زاخۆ تاوەکو بەسرە و نرخی سووتەمەنی لە هەموو پارێزگاکان یەکسان بێت."
سۆران عومەر گوتی، "لە عێراق، رۆژانە 600 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی نێوخۆیی بەکار دەبرێت؛ دەبێت لەو بڕە، پشکی هەرێمی کوردستانیش بەگوێرەی پارێزگا و دانیشتووان بدرێت لە (بەنزین، گاز و نەوت)."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی ئاماژە بەوە دەکات، "جگە لەو 400 هەزار بەرمیلەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانە دەکرێت، ئەگەر نەوتی زیادەش هەبێت، رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت؛ بۆیە هیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەماوەتەوە کە سووتەمەنی لە هەولێر و بەغدا یەک نرخ نەبێت و دەبێت بە نرخی پاڵپشتیکراو بیداتەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان."
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات تاوەکو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت، ئەگەر نەتوانرا هەناردە بکرێت بۆ پێداویستیی نێوخۆیی بەکاردەهێنرێت.
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دوو رۆژ پێشی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، بەو بڕیارە پابەند دەبێت. تائێستاش هەناردەکردن دەستی پێنەکردووەتەوە.
دووشەممە 19-06-2023 عێراق و تورکیا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەی ئەو رۆژەدا عێراق و تورکیا نەگەیشتنە رێککەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ