رووداو دیجیتاڵ
دوو دامەزراوەى حکومەتى فیدراڵ لەڕێگەى کۆدێکەوە، گوشار بۆسەر هاوردەى کاڵا لە هەرێمى کوردستانەوە دروست دەکەن، لە رێگەیەوە بانکى ناوەندى وردبینى لە قەبارەى دۆلارى فرۆشراو و کاڵاى هاوردەکراو دەکات، وەزارەتى دارایی فیدراڵیش وادەکات کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان بچنە نێو سیستمى نێودەوڵەتیى ئەسیکۆدا، کە تایبەتە بە بەئەلیکترۆنیکردنى گومرگ.
لە 11ی ئادارى 2025ـەوە، کۆدى (QR) دەروازەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراقى قەرەباڵخ کردووە، پاش ئەوەى بانکى ناوەندى نووسراوێکى لەوبارەیەوە ئاراستەى بانکەکان کردووە.
ئەو کۆدە مەرجە بۆ تێپەڕبوونى کاڵا لەو بازگانە، کە نابێت 72 کاژێر بەسەر هاتنەژوورەوەیان تێپەڕبێت.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە تۆڕى میدرایی رووداوى گوت، "ئەو هەنگاوە وایکردووە بەشێک لە کۆمپانیاکان، کۆگاکانیان ببەنە کەرکووک و نەینەوا، ئەوەش گوشارە لەسەر هەرێمى کوردستان."
کرۆکى نووسراوەکەى بانکى ناوەندى وایە، کە پشت بەو کۆدە دەبەستێت وەکو بەڵگەنامەى بنەڕەتى بۆ هاوردەکردنى کاڵا لە دەروازە فیدراڵییەکانەوە، ئەو بەڵگەنامەیە باوەڕپێکراوە بۆ زانیاریى دروستى سەرجەم هاوردەکراوەکان.
هێڤیدار شەعبان، راوێژکارى بانکى بە رووداوى گوت، "ئەو کۆدە لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە بۆ کۆمپانیاکان دروست دەکرێت و دەشیدات بە بانکى ناوەندى. بەو پێیەش، دەبێت ئەو کۆمپانیایانەى ئەو کۆدەیان هەیە، بچنە ناو سیستمى ئەلیکترۆنیى عێراق بۆئەوەى بزانن کاڵا هاوردە بکەن لە چوارچێوەى سیستمى ئەلیکترۆنیى دەروازە سنوورییەکان (ئەسیکۆدا)."
بە گوتەى ئەو راوێژکارە، بانکى ناوەندى دەیەوێت لە رێگەى ئەو کۆدەوە بڕى ئەو دۆلارەى بە بازرگانانى دەفرۆشێت، بە قەبارەى ئەو کاڵایە بێت کە هاوردە دەکرێت.
31ى کانوونى یەکەمى 2024 نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، رێککەوتنیان لەبارەى جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا کردووە، لەدواى 8 مانگ لە جێبەجێکردنى ئەو سیستمە لە دەروازە وشکانى و ئاسمانییەکانى، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێمى کوردستان لەوبارەیەوە رێککەوتنى لەگەڵ بەغدا نەکردووە.
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هەموو کۆمپانیایەکى هاوردەکار دەبێت ئەو کۆدەى هەبێت، بەڵام نووسراوەکەى بانکى ناوەندى پەیوەندیدارە بە زانیاریى پەسندکراوى بارى هەناردەکراو، کە لەدواى هاتنە ناو سنوور پێی دەدرێت، ئەوەش بۆ رێگرییە لە فرۆشتنەوەى مەنەفێستى هاوردەکردنى کاڵا کە پێشتر کراوە."
ئەو مەنەفێستە بۆ سەلماندنى جۆر و بڕى کاڵاى هاوردەکراوە، کە پێشتر لەسەر ئەو بنەمایە هاوردەکارەکە دۆلارى بە نرخى فەرمى لە بانکى ناوەندى کڕیوە.
بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو، یەکێک لە پاساوەکانى بەغدا بۆ پشتبەستن بەو کۆدە بۆ هاوردەکردن، رێگرییە لەوەى کاڵاى براندى "ساختە" ببرێتە شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ