رووداو-imn
بانكی خانووبەرەی عێراق رایگەیاند، دوای پەسەندكردنی بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014، پێشینەی خانووبەرە دەداتە هاووڵاتیان.
خوزەیر عەباس، جێگری بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی عێراق رایگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا سەرمایەی بانكی خانووبەرەی عێراق لە 50 ملیار دینارەوە بۆ 250 ملیار دینار زیادبكات، بۆیە دوای پەسەندكردنی بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 بانكی خانووبەرە، بێ سوو، پێشینەی خانووبەرە دەداتە هاووڵاتیانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان".
خوزەیر عەباس گوتیشی، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە لە پارەی تەرخانكراو بۆ بودجەی ساڵی 2015، بڕی 250 ملیار دیناری دیكە بداتە بانكی خانووبەرە بۆ چارەكردنی كێشەی نیشتەجێبوون لە عێراق".
جێگری بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، كە "بڕی قەرزی بانكی خانووبەرە لای هاووڵاتیان ئێستا نزیكەی 800 ملیار دیناری عێراقییە".
ئەم بڕیارەی بانكی خانووبەرەی عێراق لەكاتێكدایە، ئەو بانكە پێشتر بڕی 2% سووی لەسەر پێدانی پێشینەی خانووبەرە لە هاووڵاتیان وەردەگرت، هاوكات گەورەترین پێشینەی خانووبەرە لە عێراق بە 30 ملیۆن دینار دیاری كراوە.
هەروەها ماوەی چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان وەرگرتنی سووی سەر پێشینەی خانووبەرە هەڵوەشاوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ