نووسینگەی سەرۆکی حکومەت: 5 بانکی عێراقی سزا دراون و پەیوەندییان بە (هەژماری من)ەوە نییە

17-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سزادانی پێنج بانکی عێراقی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو بانکانە هیچیان لەو بانکانە نین کە بەشدارن لە پڕۆژەی "هەژماری من"دا.
 
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێکس نووسیویەتی، "هەواڵی قەدەخەکردنی مامەڵەی دۆلارمان لە چەند بانکێکی دیکەی عێراقی بینی، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیێنێت، ئەوانەی هەژماریان لەو بانکانە هەیە ناتوانن کارتەکانیان لە وڵاتانی دەرەوە بەکاربهێنن، لەپاڵ کۆمەڵێک بێبەشبوونی دیکەدا."
 
ئەو بەرپرسەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کردووە، "بانکەکانی نێو پڕۆژەی (هەژماری من)، کە پڕۆژەی گشتگیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ناکەونە ژێر باری سزاکانی ئەم هەواڵە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەنێو رێکارێکی وردبینی تایبەتدا دەڕۆن بەرلەوەی بەشدارییان ببێتە فەرمی، لەنێو ئەم وردبینییانەدا، وردبینی داهات و خەرجییەکان و پابەندییان بە رێکارەکان."
 
دوێنێ یەکشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەوە راگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق پێنج بانکی ناوخۆیی دیکە لە مامەڵەکردن بە دۆلار قەدەخە دەکات. ئەم هەنگاوەش دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی خەزێنەی ئەمریکا دێت لە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوە و بە قاچاخبردنی دۆلار و پێشێلکارییەکانی دیکە.
 
هەشت بانک لە پڕۆژەی "هەژماری من"ی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان بۆ بەبانکیکردنی مووچە. عەزیز ئەحمەد دەڵێت، "لە چەند هەفتەی داهاتوودا، دوو بانکی نێودەوڵەتیی بەناوبانگ دێنە ریزی هەشت بانکەکەی دیکەی هەژماری من."
 
بەگوێرەی نوێترین داتای پڕۆژەی (هەژماری من)، تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە 550 ئامێری ATM لە 200 شوێن دانراون و بۆ ئەو 370 ھەزار مووچەخۆرەی کارتی بانکییان وەرگرتووە و مووچەکەیان لەو رێگەیەوە وەردەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە