کشتوکاڵی ئیلام: لافاو 14 ملیۆن دۆلار زیانی بە کشتوکاڵ گەیاندووە

16-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن لافاو لە ئیلام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام بڵاوی کردەوە، لافاوەکانی رۆژانی رابردوو زیانی زیاتر لە 14 ملیۆن دۆلاریان بە کەرتی کشتوکاڵی ئەم پارێزگایە گەیاندووە.
 
ئازەرنووش عەموزادە، سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام، کە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی ئێرانە رۆژی شەممە، 15-04-2023 گوتی "لافاو زیانی بە: زەویی کشتوکاڵی، مەڕوماڵات، پەلەوەر، مێشهەنگوین، ماسی، گوڵخانەکان، رێگاکانی هاتووچۆی کۆچەرییەکان و دامەزراوەکانی ئاو گەیاندووە".
 
بەگوتەی ئازەرنووش عەموزادە، زەویی کشتوکاڵی و باخەکانی ناوچەکانی دێلران، ئاودانان، دەڕەشار، مێران و ئێوان زیانی زیاتریان بەرکەوتووە بەراورد بە شوێنەکانی دیکەی پارێزگاکە.
 
عەموزادە دەڵێ: هێشتا لێکۆڵینەوە لە هەموو زیانەکانی لافاو نەکراوە، بۆیە رێژەی زیانەکان لەوەی تاوەکو ئێستا تۆمار کراوە، زیاتریشە.
 
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، 57 یەکەی بەخێوکردنی مەڕوماڵات، سێ هەزار و 500 پوورەهەنگ، سێ هەزار و 500 تۆن ماسی و 5 پەلەوەرخانە بەهۆی لافاوەکانەوە لەنێوچوون.
 
بارانباران لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردووەوە دەستی پێکرد و تاوەکو دوو رۆژ دواتر بەردەوام بوو. لە شاری مێران لە پارێزگای ئیلام، لافاو بووه هۆی گیان لەدەستدانی ژنێکیش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە