راوێژکارێکی کازمی: نزیکەی نۆ ملیۆن کەس مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە

15-09-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو - هەولێر

راوێژکارێکی مستەفا کازمی رایدەگەیێنێت، نزیکەی نۆ ملیۆن کەس لە عێراق مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە. بریکارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقیش کە تازە خانەنشین بووە دەڵێت، مەبەستەکە ئەوەیە ئەمانە لە چوارچێوەی خێزانەکان سوودمەندن نەک هەر نۆ ملیۆن کەسەکە مووچە وەربگرن. 
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 14-9-2022، د. هەیسەم جبووری، راوێژکاری تەکنیکیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، نزیکەی نۆ ملیۆن کەس لە عێراق مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە کە پێکهاتوون لە نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار خێزان.  
 
لەوبارەوە رۆژی پێنجشەممە 15-9-2022، د. عەبیر مەهدی چەلەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی مدیایی رووداوی رایگەیاند، لە عێراقدا نزیکەی ملیۆنێک و 650 هەزار خێزان سوومەندن لە مووچەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی ئەگەر هەر خێزانێکیش پێنج کەس بن ئەوا زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس سوودمەندن. 
 
د. عەبیر چەلەبی گوتی، مەبەست لە قسەکانی هەیسەم جبووری، راوێژکاری سەرۆکوەزیران لە نۆ ملیۆن کەس ئەوەیە ئەمانە لە چوارچێوەی خێزانەکان وەک تاک سوومەندن نەک ئەوەی کە نۆ ملیۆن کەس مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەربگرن. 
 
ژمارەی دانیشتووانی عێراق ئێستا نزیکەی 41 ملیۆن کەسە. رۆژی یەکشەممە 28-08-2022، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێژەی هەژاریی لە عێراق نزیکبووەتەوە لە 24٪. 
 
سەبارەت بەو پلانەی کە بڕیارە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری رایبگەیێنن، عەبدولزەهرە هینداوی دەڵێت: "کار لەسەر سێ ئاراستە دەکەین بۆ پشتیوانیکردنی هەژاران لە عێراق. بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کار لەسەر ستراتیژیەتێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژاری لە پێنج ساڵی داهاتوو دەکرێت، ئەوەش بۆ ئامادەکردنی ستراتیژیەتێکی نوێ بۆ پاراستنی کۆمەڵایەتی. ئەمەش دوو ئاراستەی تێدایە، یەکەمیان؛ پشتیوانیکردنی چاودێریی کۆمەڵایەتی، دووەمیان؛ باشترکردنی بەشەخۆراکی مانگانەیە بۆ هاوکاریکردنی هەژاران". 
 
رۆژی 28-8-2022، د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری ئابووری و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێژەی هەژاری لە عێراقدا 30٪ـە.
 
مەزهەر محەممەد ساڵح گوتی، "ئێستا کێشەکە لە هێزی کاری نوێدایە؛ ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 15 ساڵ بۆ 24 ساڵدایە، رێژەی بێکاری لەنێویاندا نزیکەی 37٪ـە. ئەوە لە کاتێکدایە عێراق وڵاتێکی گەنجە، ئەوەیش وایکردووە رێژەی هەژاری لە عێراقدا نزیکەی 30٪ بێت، ئەگەرچی وڵاتێکی دەوڵەمەندە و داهاتێکی زۆری هەیە. هۆکارەکەیش ئەوەیە بودجەی گشتی نییە کە پارە بۆ پرۆژە نوێیەکان دابین بکات."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.