رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، مووچەی مانگی هەشتی خانەنشینان بە هاوتاکراوی نابێت، ئەگەر کێشەکان چارەسەر بکرێن بۆ مانگی نۆ بە هاوتاکراوی دابەش دەکرێت.
ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار، خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوتیان بە هاوتاکراوی مووچەی خانەنشینانی عێراق وەرگرت، بەڵام خانەنشینانی سەربازیی وەکو پێشتر مووچەیان وەرگرت و تاوەکو ئەمڕۆ روون نییە کەی مووچەکەیان بە هاوتاکراوی وەردەگرن.
هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ مانگی هەشتیش مووچەی خانەنشینان هاوتا ناکرێ. "ئەگەر کێشەکان چارەسەر بکرێن، مانگی نۆ مووچەکە هاوتا دەبێت، بەڵام دیارنییە چارەسەر دەکرێت یان نا".
نێوەڕۆکی کێشەکان چین؟
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەمموزی ئەمساڵ جێبەجێ نەکرا.
هادی ئەکرەم دەڵێت، بەگوێرەی یاساکەی عێراق، ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەشنین بوون، کە زۆرینەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانن و ئەوانەی دوای ئەو ساڵە جیان.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی عێراق، ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، مووچەیان لە 200 هەزار تاوەکو 499 هەزار بێت دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزاری پشتیوانیش (مینحە) وەردەگرێت و دەبێتە 600 هەزار دینار.
بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، ئەوانەی مووچەیان لە 600 بۆ 999 هەزار دینارە، 100 هەزاری پاڵپشتی بۆ زیاتر دەکرێت ئەویش بەگوێرەی هاوتاکراوییەکە.
هادی ئەکرەم دەڵێت، ئەوانەی لە دوای 2014ـەوە خانەنشین بوون زیاتر ئەوانەن لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی حەفتا و هەشتان، ئێستا چەند دەرماڵەیەکیان هەیە، لەوانە دەرماڵەی ترسناکی، ژن و منداڵ، بڕوانامە. ئەم دەرماڵانە لە یاسای هاوتاکراویدا نییە. تەنیا دەرماڵەی بڕوانامە هەیە ئەویش جیاوازییان زۆرە.
مووچەی کێ کەم دەکات؟
ئەوانەی لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی زیانمەندن و دژی هاوتاکردنن پلە باڵاکانن لە پلەی لیوا کەمتریان تێدا نییە.
خانەنشینانی سەربازی تاوەکو پلەی نەقیب لە پاڵپشتیی مووچەی هاوتاکراو سوودمەند دەبن. لە پلەی رائید، موقەدەم و عەمید مووچەکەیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینی پلەی نەقیب 999 هەزار دینارە و لە هاوتاکردندا 100 هەزاری پاڵپشتیی دەچێتە سەر، بەڵام پلەی رائید خانەنشینییەکەی نزیکەی ملیۆنێک و 180 هەزار دینارە و تاوەکو عەمید زیاتر دەبێت و لە هاوتاکردن سوودمەند نابن.
بۆچی لیواکان زیان لە هاوتاکردنەکە دەکەن؟
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئێستا پلەی لیوا بە سەرەوە، کەمترین مووچەی خانەنشینیان زیاترە لە 2 ملیۆن دینار و تێیاندایە دەگاتە شەش ملیۆن دینار، ئەویش بەگوێرەی دەرماڵە و ساڵەکانی خزمەت، بەڵام کاتێک هاوتا بکرێت و دەرماڵەکان نەمێنن، مووچەیان دەبێتە نزیکەی نیوە و ئەوەش ناڕەزایی لێکەوتووتەوە.
هادی ئەکرەم گوتی، دەکرێت بە رێگەیەکی دیکە کێشەی پلە باڵاکانیش چارەسەر بکرێت و لە مانگەکانی داهاتووتردا رێڕەوێکی یاسایی بۆ بدرۆزێتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی چارەسەر نەکراوە.
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60 ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت بە ئارەزوومەندانە خانەنشین بێت.
هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
21-07-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ