زێڕ پێوانەی نوێی تۆمارکرد؛ مسقاڵێکی عەیار 21 بە 620 هەزار دینارە

14-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لە مێژوودا نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکانی ناوخۆ گەیشتە 620 هەزار دینار.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 22 بە 650 هەزار دینارە و عەیار 24یش مسقاڵی بە 708 هەزار دینارە".
 
هەرزانترین نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان عەیار 18یە. جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر دەڵێت، ئەو جۆرەی زێڕیش ئەمڕۆ مسقاڵی بە 530 هەزار دینارە.
 
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 2937 دۆلار، لەکاتێکدا دوێنێ یەک ئۆنسە لە بازاڕەکانی ئاسیا 2908 دۆلار بوو.
 
سەرەتای ئەم مانگە نرخی زێڕ بەمشێوەیە بوو: مسقاڵێک عەیار 21 بە 591 هەزار دینار. عەیار 22 بە 612 هەزار دینار، عەیار 24 بە 668 هەزار و مسقاڵێک عەیار 18ش بە 500 هەزار دینار بوو.
 
بەراورد بە سەرەتای ئەم ساڵ، هەر مسقاڵێک زێڕ 55 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئێوارەی چوارشەممە رایگەیاند، هەر وڵاتێک باج بەسەر بەرهەم و کاڵای ئەمریکیدا بسەپێنێت، پێناسی گومرگیی دەخاتە سەری. 
 
لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا ترسی خستووەتە دڵی بازرگانان بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی گەورەی بازرگانی لەنێوان ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهان.
 
یپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ سوودی لە نادڵنیایی و دڵەڕاوکێی بازرگانان وەرگرتووە، کە بەهۆی شەڕی بازرگانییەوە دروستبووە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە