رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆی دروستبوونی قەرەباڵخییەکی زۆر لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بڵاوبووەتەوە؛ بەڵام قایمقامی زاخۆ دەڵێت، هەندێکجار قەرەباڵخی بەشێوەی سرووشتی دروست دەبێت و پەیوەندی بە هەڵبژاردنی تورکیاوە نییە و هیچ بڕیارێک بۆ داخستنی دەروازەکە لە کاژێرەکانی داهاتوودا نییە.
رۆژی شەممە، 13ـی ئایاری 2023، موشیر بەشیر، قایمقامی قەزای زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاتووچۆ لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە ئاساییە و هیچ بڕیارێکی تورکیا بۆ داخستنی دەروازەکە بەهۆی هەڵبژاردنەوە بەوان نەگەیشتووە.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەبوونی قەرەباڵخی و ئاستەنگی بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان، قایمقامی زاخۆ گوتی، "زۆرجار بارهەڵگری زۆر دێنە دەروازەکە و مامەڵە یاساییەکانیان کاتی زۆری دەوێت؛ بۆیە قەرەباڵخی دروست دەبێت؛ یان گرووپی گەشتیاری دێن و دەبنە هۆی قەرەباڵخی؛ جگە لەوانە هیچ هۆکارێک بۆ دروستبوونی قەرەباڵخی نییە، بەتایبەت ئەوەی کە گوایە هەڵبژاردن هۆکار بێت".
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل گەورەترین دەروازەی نێودەوڵەتیی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە.
بڕیارە سبەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا لە باکووری کوردستان و ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ