رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی بە رێژەی 1% دابەزی و بەو پێیەش ئەوە بۆ سێ هەفتەی یەک لەدوای یەکە نرخەکانی نەوت بەردەوامن لە دابەزین. نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بۆ نزیکەی 2010 دۆلار دابەزی.
هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ نیگەرانی لە رەوشی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگەڕێتەوە کە ئەگەر هاتوو رووبەڕووی سستبوونەوەی ئابووری ببێت، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.
لە دوایین ساتەکانی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 81 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 83 سەنت دابەزی و بە 70 دۆلار و 4 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و تەکساس لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا بە ریژەی 1.5% بەهای خۆیان لەدەستداوە.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. بەهۆی ناڕوونی لە بابەتی قەرزەکانی ئەمریکا و سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بازرگانان روویان لە کڕینی دۆلار کردووە وەکو پەناگەیەکی ئارام و بەرزبوونەوەی دۆلاریش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کانزاکان.
لە لایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی کە بە دراوێکی جگە لە دۆلار کار دەکەن، نرخی گرانتر دەکات.
جۆن کیلدۆف، سەر بە کۆمپانیای (ئیگەین کاپیتاڵ) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "نادڵنیایی بە ئابووریی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست لەسەر دۆلار بەرز ببێتەوە. ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی خواست لەسەر نەوت."
نرخی هەر ئۆنسە زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 2010 دۆلار
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بووە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕیش. رۆژی هەینی 13-05-2023 بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، نرخی زێر دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.24% دابەزی و بە 2010 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا. بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە رۆژی هەینی بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، ئەوەش کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕەکان دانا.
باب هابێرکۆرن، سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئاڕ جی ئۆ فیوچەرز) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە رۆژی هەینی، بەڵام پێشبینی ناکات بەرزبوونەوەکانی بەهای دۆلار لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەرز ببێتەوە بەهۆی قەیرانی چەقبەستووی قەرزەکانی ئەمریکا."
جانێت یەلەن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، هێشتا ناڕوونییەکی زۆر هەیە لەلایەن بەرپرسانی گەنجینەوە و نازانن کەی بە دروستی بەبێ بودجە دەبن و ناتوانن بەردەوام بن لە پرۆسەی پێدانی پارەی قەواڵە داراییەکانی گەنجینە.
یەلەن هۆشداریی دا کە هێشتا ئەگەری هەیە سەرەتای مانگی داهاتوو حکومەتی ئەمریکا دابخرێت و نەتوانێت شایستە داراییەکانی جێبەجێ بکات.
لە لایەکی دیکەوە، میشل باومان، بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە، پێویست بە بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی دەکات بۆئەوەی رێژەی هەڵاوسان دابەزێت بۆ ئەو ئاستەی کە مەبەستی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە.
بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی بە شێوازی نەرێنی کاریگەری دەکاتە سەر نرخی زێڕ و لە بەهای کانزای زەرد کەم دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ