رووداو - هەولێر
لە ماوەی مانگێکدا نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ، زیاتر لە 15 هەزار دینار دابەزیوە، ئەوەش جووڵەی خستووەتەوە نێو بازاڕی زێڕینگەرانی هەولێر و خەڵک روو لە کڕینی زێڕ دەکەن.
پێشتر نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 لە 225 هەزار دینارەوە دەستیپێدەکرد، بەڵام ئێستا نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 207 هەزار دینارە، ئەم دابەزینەش جوڵەی خستووەتەوە بازاڕ و، رێژەی 30% کڕیاران، ئەو گەنجانەن کە بەنیازی هاوسەرگیرین.
بازاڕەکە تەنها کڕیاران گەرمیان نەکردووە، بەڵکو فرۆشیارانیش لە بازاڕەکەدا زۆرن، چونکە دەترسن زەرەر بکەن، بۆیە رێژەی 70%ـی ئەوانەی لە بازاڕن، ئەو هاونیشتمانییانەن کە زێڕەکانیان دەفرۆشن.
جگە لە هاونیشتمانییان، بەشێک لە زێڕینگەرانیش لەو هەڵبەزودابەزەی نرخی زێڕ زەرەرمەند دەبن، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن زێڕیان بە گران هاوردە کردووە و دەبێت بە هەرزانتر بیفرۆشنەوە، بۆیە جێگیربوونی نرخی زێڕ بۆ ئەوان باشترە.
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای زێڕینگەران، ساڵی رابردوو نزیکەی 25 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێـمی کوردستان کراوە، بەڵام ئەمساڵ دوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی زێڕ بەڕێژەی 45% زیادیکردووە.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ