عێراق مو‌وچەی خانەنشینی هاوتای مو‌وچەی سەرەتایی دەكات

10-11-2013
کەریم مودەڕیس
نیشانەکردن مووچە،خانەنشین
A+ A-
رووداو- IMN

سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند پرۆژە یاسای نوێی خانەنشینی یەكگرتوو، كە ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە یەكێكە لە باشترین یاسا هاوشێوەكان لەجیهاندا، چونكە مو‌وچەی خانەنشین هاوتای مو‌وچەی سەرەتایی دەكات.

سەرچاوەیەك لە نووسینەگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حكوومییەكان لە ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی عێراقی راگەیاندووە "پرۆژە یاسای نوێی خانەنشینی یەكگرتوو لە عێراق، مو‌وچەی خانەنشینان لە عێراق هاوتای مو‌وچەی سەرەتاییان دەكات، جگە لەپشتبەستن بە رەچاوكردنی ئاستی هەڵاوسانی ساڵانە بۆ هەمواركردنی مووچەی خانەنشینان".

گوتیشی "پرۆژە یاسا نوێیەكە ئاستی مووچەی خانەنشینی بۆ سەرجەم خانەنشینكراوانی نوێ بەرزدەكاتەوە‌ بۆ ئەوەی تەواوی پیشەوەرەكان بگرێتەوە تەنانەت ئەگەر یەك كەسیش ‌بێت".

سەرچاوەكەی (تۆڕی میدیای عێراق) هەروەها ئاشكرای كرد كە پرۆژەیاسای نوێی خانەنشین لەعێراق تاكە پرۆژەیە لە جیهاندا كە رەچاوی خانەنشینكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت دەكات، تەنانەت بەرپرسانی هەرسێ سەرۆكایەتییەكانی عێراقیش بەهەمان پێوەری خانەنشینكردنی هەر هاوڵاتییەك لە هەر دەزگاو فەرمانگەیەكی حكوومەتدا، خانەنشین دەكات".

ئاماژەی بەوەشدا كە "هەر فەرمانبەرێك خزمەتی بگاتە 15 ساڵ دەتوانێ داواكاری خانەنشینكردنی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بكات بەدەر لەتەمەنی داواكار، لەكۆتاییشدا مووچەی 12 مانگ لەبڕی 6 مانگی وەك پاداشت وەردەگرێ".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە