عێراق و تورکیا لەسەر هەڵگرتنى ڤیزە و گۆڕینەوەى بەندکراوان رێککەوتن

10-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتەکانى دەرەوەى عێراق و تورکیا لەسەر هەڵگرتنى ڤیزە لەسەر هەندێک لە گەشتیاران بەگوێرەى تەمەنیان و ئاڵوگۆڕکردنى بەندکراوانى نێوانیان رێککەوتن.

ئەو رێککەوتنە لە کۆبوونەوەیەکى نێوان شاندێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بووە بە سەرۆکایەتیى عومەر بەرزنجى، بریکارى وەزارەتى دەرەوە بۆ کاروبارى فرەلایەن و یاسایی لەگەڵ یاسین ئەکرەم سەریم، یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى تورکیا، کە 9ى تەممووز لە ئەنقەرەى پایتەختى ئەو وڵاتە کراوە.

عومەر بەرزنجى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەگەڵ لایەنى تورکى رێککەوتین ڤیزەی نێوان هەردوو وڵات لەسەر ئەو کەسانە هەڵبگرین کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر و لە 50 ساڵ زیاترن، ڤیزە بۆ تەمەنەکانى دیکەش وەکو خۆی دەمێنێتەوە."

پارەى ڤیزەى گەشتیاران بۆ تورکیا لە 130 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 200 دۆلار، نرخەکەى بەگوێرەى ماوەى مانەوە لەو وڵاتە دەگۆڕێت.

بریکارەکەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاماژەى بەوەش دا، لەگەڵ لایەنى تورکی رێککەوتوون بۆئەوەى بەندکراوانى نێوانیان بگۆڕنەوە، ئەو هەنگاوە ئەوانە دەگرێتەوە کە تاوانى سووکیان کردووە، لەدواى گەڕاندنەوەشیان لە وڵاتانى خۆیان سزاکە تەواو دەکەن.

بەگوێرەى راگەیێندراوێکى باڵیۆزخانەى عێراق لە تورکیا، لەو کۆبوونەوەیە پرسی کۆچى نایاسایی، ئاسایش، بنەبڕکردنى تیرۆر، هاریکاریى دادوەریى نێوان هەردوو وڵات کراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە