داعش بۆ فرۆشتنی نەوت مامەڵە بە لیرەی سووری دەکات

10-05-2015
كارزان حەمید
نیشانەکردن نەوتی داعش
A+ A-

رووداو - العربی الجدید

سەرچاوە نێوخۆییەكانی سووریا، ئاشكرایان كردووە، کە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) نزیكەی هەفتەیەكە بە لیرەی سووری دەستیكردووە بە فرۆشتنی نەوتی بیرەكانی ژێر دەسەڵاتی، ئەمەش لەكاتێكدایە لەماوەی رابردوو ئەو گرووپە بازرگانەكانی ناچاركردبوو بە دۆلار نەوتەكەی لێ بكڕن.

بەگوتەی ویسان ئەلعەرەب، چالاكوانی سووریی "داعش نەوتەكەی بە دانیشتووانی دیرزور بە دراوی لیرەی سووری دەفرۆشێت".

ئەو سەرچاوانە هۆكارەكەشیان بۆ کەمتوانایی بازرگانەكان بۆ كڕینی نەوت بە دۆلار گەڕاندەوەو دەڵێن "بەهای دۆلار بەردەوام لەبەرزبوونەوەیەو بەشێوەیەكی بنەڕەتیش داعش رەزامەندی نیشانداوە لەسەر وەرگرتنی لیرەی سووری". پێشبینی ئەوەش كراوە لە ئایندەدا جارێكی دیكە دۆلار بەكاربهێنرێت بۆ مامەڵەی بازرگانی نەوت.

هاوكات داعش رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوەو دەیەوێت لەو رێگەیەوە مووچەی چەكدارانی دابین بكات ، بەتایبەت کە ئێستا وەكو جاران توانای هەناردەكردنی نەوتی كوالێتی بەرزی نەماوە.

سەرچاوەکان لە سووریا ئاماژە بەوەشدەکەن کە داعش زەكاتی دارایی خستووەتە سەر خاوەن پاڵاوگە نەوتییەكانی شاری مەیادین لە رۆژهەڵاتی دێرزور.

زەید سابیت، یەكێكە لە كەسە نزیكەكانی خاوەن پاڵاوگەیەکی نەوت و دەڵێ: "داعش داوای دەفتەری دارایی سەرجەم داهاتەكانی خاوەن پاڵاوگەكانی كردووە، بۆ ئەوەی سەدا 2.5 پشكی زەكات لەكۆی گشتی داهاتەكانیان ببەن".

كێڵگە نەوتیەكانی سووریا زۆربەیان كەوتوونەتە ناوچەكانی رۆژهەڵات بەتایبەت دێرزور، كە زەوییەكەی سەدا 50 سەرجەم نەوتی سووریا لەخۆدەگرێت‌و لەسەر چەندین وێستگەش دابەشكراون، كە سەرجەمیان دەگاتە نۆ پێگەی نەوتی. كارمەندێكی ئەو كێڵگانەش ئاشكرایكردووە " بیرە نەوتییەكان سەرچاوەیەكی سەرەكی پارەداركردنی داعشەو رۆژانەش 800 هەزار دۆلار دەخاتە سەر خەزێنەكەیان". بەرهەمهێنانی ئەو كێڵگانەش رۆژانە لەنێوان 30 بۆ 40 هەزار بەرمیل نەوتە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە