پارەى 115 هەزار بەرمیل بەربەستى سەرەکیى بەردەم هەناردەکردنەوەى نەوتە

10-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەى ملیارێک دۆلارى کۆمپانیاکانى نەوت و چارەنووسى پارەى 115 هەزار بەرمیل نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا بە هەڵپەسێردراوى ماوە بۆ  هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕیارە ئەو پرسە ببرێتە بەردەم سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەوەى بڕیار لە بارەیەوە بدات. 
 
رووداو لەگەڵ دوو سەرچاوەى بەرپرسى بەغدا و هەولێر زانیویەتى کە دوو بەربەستى سەرەکى لە بەردەم گفتوگۆکانن بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان.
 
یەکێک لە بەربەستەکان قەرزى کۆمپانیاکانى نەوتە لە کۆتایی 2022 تاوەکو ئەو کاتەى لە 25ى ئادارى 2023 هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهاتى تورکى راگیرا، کە بڕەکەى نزیکەى یەک ملیار دۆلارە.
 
ئەو دوو سەرچاوەیەى رووداو ئاماژەیان بەوە دا، یەکێک لە بەربەستەکانى دیکە پارەى 115 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەیە، کە وەزارەتى نەوت سەرەتا ناتوانێت بۆ هەناردەکردن وەری بگرێت و تەنیا 185 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات. 
 
بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجەى گشتى، بەشێوەیەکى کاتى بڕى 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوت دیاری دەکرێت، کە بدرێتە کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت لە هەرێمى کوردستان.
 
یەکێک لە سەرچاوەکان بە رووداوى گوت: "هەرێمى کوردستان داواى کردووە جگە لە تێچووی دەرهێنانی ئەو 185 هەزار بەرمیل نەوتەى هەناردە دەکرێت، خەرجیی ئەو 115 هەزار بەرمیلەشى پێبدرێت کە بۆ پاڵاوگەکانى ناوخۆ بەکاریان دەهێنێت و 16 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام وەزارەتى نەوت لەسەر ئەوە داواکارییە رازی نەبووە" 
 
شایستەى دارایی مانگانەى ئەو 115 هەزار بەرمیل نەوتە کە هەرێمى کوردستان داواى دەکات زیاتر لە 55 ملیۆن دۆلارە.
  
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ى ئادارى 2025، باسم غرێباوى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجەى گشتى، وەزارەتى نەوت تێچووی ئەو بڕە نەوتە دەدات کە رادەستى دەکرێت، ئەگەر 400 هەزار بەرمیل نەوتى رادەست بکرێت، بۆ هەر بەرمیلێکى 16 دۆلار دەدات.
 
بەگوێرەى رێککەوتنى بەرایی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرەتا رۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هەناردە دەکرێت، تاوەکو دواتر بڕەکەى زیاتر بکرێت.
 
باسم غرێباوى، گوتى: "هەموارى یاسای بودجەى گشتى روونە کە رادەستکردنى رۆژانەى 400 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستانە بەرانبەر بە ناردنى پارەى کۆمپانیاکان و دەبێت هەردوو لایەنى هەولێر و بەغدا پابەندبن پێوەى، ئێستا باڵیۆزخانەى ئەمریکا چووەتە ناو پرسەکە بۆ ئەوەى بزانێت کام لایەن رێگرە لە بەردەم دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتەکە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند ئاماژە بۆ گرنگیدان بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان هەیە و هەر کە رێککەوتنی نوێ کرا، ئامادەن بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوت.
 
یەکێک لە سەرچاوەکانى رووداو گوتى: "وەزارەتى نەوت بڕیاری داوە یەکلاکردنەوەى پارەى 115 هەزار بەرمیل نەوتەکەى کە وەرى ناگرێت، بیخاتە بەردەم محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بۆ بڕیاردان." 
 
بەگوێرەى هەموارى یاساى بودجە، کە لە 17ى شوباتەوە کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، 60 رۆژ لەبەردەم هەولێر و بەغدا دایە بۆ رێککەوتن لەسەر لایەنێکى راوێژکارى کە نرخى خەمڵێنراوى بەرهەمهێنان و هەناردەى نەوت دیاری بکات.
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە