رووداو دیجیتاڵ
دیوانى چاودێریى دارایی عێراق دەڵێت، ئەو تێبینییانەى لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە هەیانبووە، هێشتا "وەک خۆیانن،" بەڵام سەرچاوەیەکى بەرپرسی هەرێمى کوردستان دەڵێت، سەرجەم ئەو تێبینییانەیان چارەسەر کردووە.
بەگوێرەى نووسراوێک کە 6ى ئادارى 2025 عەممار سوبحى، سەرۆکى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق بە وەکالەت ئاراستەى پەرلەمانى کردووە، روونکرنەوەى داوە لەسەر راپۆرتى هاوبەشیان لەگەڵ دیوانى چاودێریی دارایی هەرێمى کوردستان.
سەرۆکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق ئاماژەى بەوە داوە، تیمى وردبینى هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان وردبینییان لە داهات و خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان کردووە لە نێوان 1ى نیسان بۆ 30ى حوزەیرانى 2024.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو راپۆرتە نێردراوە بۆ نووسینگەى سەرۆکوەزیران، وەزارەتى دارایی، حکومەتى هەرێمى کوردستان و پەرلەمان، بۆئەوەى رێوشوێنى پێویست بگرنەبەر بۆ هەر یەکێکیان بەگوێرەى تایبەتمەندیى خۆى و، دەڵێت، "هێشتا تێبینییەکانى نێو ئەو راپۆرتە ماون و لەبەرچاو نەگیراون."
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێشتر دیوانى چاودێریى دارایی هەشت مەرجى لە دوو لاپەڕەدا ئامادە کردبوو لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە، لەوانەش ناوى دووبارە لە لیستى مووچە و بوونى فەرمانبەران لە سنوورى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندامەی لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەش دا، پێشتر بڕیاردراوە بە نووسراوى فەرمى، هەرێمى کوردستان لەو تێبینییانە ئاگادار بکرێتەوە و ئەوانیش هەنگاوى کردارى بنێن بۆ چارەسەرکردنى تێبینییەکان.
بەگوێرەى مادەى 12ى یاسای بودجەى گشتى، دیوانى چاودێریى دارایی عێراق وردبینى دەکات لە لیستى داهاتى نەوتی و نانەوتى و تەرازووى پێداچوونەوە (خەرجى و داهات).
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو تێبینییانەى پێشتر دیوانى چاودێریى دارایی عێراق هەیبووە، هەموویان چارەسەر کراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ