کەمتر لە 40 رۆژ لەبەردەم هەولێر و بەغدا ماوە بۆ رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت

10-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دواى زنجیرەیەک کۆبوونەوە، وەزارەتى نەوتى فیدراڵ و کۆمپانیاکانى نەوت لەبارەى شایستە داراییەکان کە بنەماى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانە، نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەمەش لە دواى دوو ساڵ لە راگرتنى هەناردەکردنی نەوت.
 
ئێستا، سێیەکى ئەو ماوەیەش تێپەڕیوە کە لەبەردەم هەولێر و بەغدا بوو بۆ رێککەوتن لەسەر لایەنى سێیەمى بەرپرس لە دیاریکردنى نرخى خەمڵێنراوى بەرهەمهێنان و هەناردەى نەوت.
 
دەبێت، ئەمساڵ عێراق زیاتر لە 28 ملیۆن بەرمیل نەوت، کەمتر هەناردە بکات، ئەمەش وەک قەرەبووکردنەوەى زیادەى هەناردەى رێگەپێدراو لە ساڵى 2024 دا، لەکاتێکدا ئەو نەوتەى لە هەرێمى کوردستانەوە هەناردەى دەکات، 20%ـی نرخى تێچووى لەو نەوتە کەمترە، کە لە بەسرەوە بۆ وڵاتانى ئەورووپا هەناردە دەکرێت. 
 
دوایین کۆبوونەوەى "بێئەنجامى" نێوان وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان، وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاکانى نەوت لە 6ـی ئادارى 2025 بوو؛ قەرزى کۆن و گەرەنتیی بەردەوامى شایستە داراییەکانى ئەو کۆمپانیایانە، بەربەستى سەرەکیى بەردەمیانە.
 
دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بەگوێرەى هەموارى یاساى بودجەى گشتى دەبێت، کە لە 17ـی شوباتەوە چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
 
هەموارەکە، هەرێمى کوردستان پەیوەست دەکات بەوەى رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوت یان کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) بکات بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە، کە لە 25ـی ئادارى 2023ـوە وەستاوە.
 
د. گۆڤەند شێروانى، پسپۆرى نەوت و مامۆستاى زانکۆ لەکاتی بەشداریکردن لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى، "دەسپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بازاڕەکانى ئەورووپا کە ماوەیەکە وەستاوە، لەسایەى هەڕەشەى سەر رێگەى دەریاى سوورە، ئەوە جگە لەوەى عێراق بە دواى زیادکردنى دەروازەکانى هەناردەکردنى نەوتدا دەگەڕێت، کە تاوەکو ئێستا تەنیا رێگەى بەسرەى هەیە، بۆ ئەوەی ئەگەر هەر رووداوێکیش لە کەنداو رووبدات بە رێگەکەى دیکە قەرەبووى بکاتەوە." 
 
وەزارەتى نەوت، چەند جارێک رایگەیاند "بەمزووانە" هەناردەى نەوتى هەرێمى کودستان دەستپێدەکاتەوە. 28ـی شوباتى 2025، حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق گوتى، "لە چەند کاژێرى هاتوودا دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت رادەگەیێنرێت"، بەڵام 10 رۆژ تێپەڕى و ئەو هەناردەیە دەستىپێنەکردەوە.
 
بەگوێرەى رێککەوتنى بەرایی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرەتا رۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، تاوەکو دەگاتە 300 هەزار بەرمیل.
 
د. گۆڤەند شێروانى گوتى "ئەو نەوتەى لە بەسرەوە دەفرۆشرێت، 20 رۆژى پێدەچێت بۆ ئەوەى بگاتە بازاڕەکانى ئەورووپا، تێچووەکەشی 20%ـى کەمترە بەراورد بە تێچووى هەناردەى نەوت لە بەسرەوە ئەگەر بە بۆریی نەوتی جەیهاندا هەناردەبکرێت." 
 
بەگوێرەى هەموارەکە، 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوتى هەرێمى کوردستان تاوەکو ئەو کاتەى هەولێر و بەغدا لە ماوەى 60 رۆژ لە کارابوونى هەموارەکە، لەبارەى لایەنێکى راوێژکارى رێکدەکەون، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو لایەنە رێکنەکەوتوون و وادەکە کەمتر لە 40 رۆژی ماوە، دواى ئەو ماوەیە، پرسەکە دەچێتە دەست ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق.
 
عێراق ئێستا رۆژانە 4.6 ملیۆن بەرمل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بەڵام دەتوانێت تەنیا 3.3 ملیۆن بەرمیل هەناردە بکات، بەهۆى ئەو رێککەوتنەى لەگەڵ ئۆپێک پڵەس هەیەتى بۆ سنووردارکردنى بەرهەمهێنانى نەوت، لەکاتێکدا لە یاسای بودجەى گشتى دا هاتووە؛ دەبێت رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل هەناردە بکرێت.
 
لە ساڵى 2024، بڕى هەناردەکردنى نەوتى عێراق زیاتر بووە لەوەى رێککەوتنى لەسەر کراوە، ئۆپێک پڵەس عێراقی ناچارکردووە قەرەبووى بکاتەوە.
 
قەرەبووەکە لە مانگى ئابى 2024 دەستىپێکرد، ئەمساڵ تاوەکو مانگى ئەیلوول بەردەوام دەبێت، کە پێویستە 28 ملیۆن و 785 هەزار بەرمیل قەرەبوو بکاتەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە