سەرچاوەیەک لە ئەپیکور: چەند کۆمپانیایەک بۆ سەرپەرشتی وردبینیی نەوتی هەرێمی کوردستان پێشنیاز کراون

09-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە ئەپیکور رایگەیاند، "دوای هەموارکردنەوەی بودجەی عێراق لە نێوەڕاستی شوباتی ئەم ساڵ، پێشبینی دەکرا هەولێر و بەغدا لە 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی راوێژکاری بۆ وردبینی لە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی دیاری بکەن."
 
شوباتی ئەم ساڵ پەرلەمانی عێراق هەمواری بودجەی پەسند کرد. بەگوێرەی مادەی 12ی هەموارەکە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە دەستپێدەکاتەوە، نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان 16 دۆلاری وەکو پارەی پێشەکی بۆ دەستنیشان کرا، 60 رۆژیش بۆ دیاریکردنی کۆمپانیایەکی راوێژکاری بۆ خەمڵاندنی خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوت دیاریکرا.
 
سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا "رێککەوتنی هاوبەش لەسەر دەسەڵاتی کۆمپانیاکە نەکراوە. ئەوەش وایکردووە هەردوولا لەسەر کۆمپانیایەکی دیاریکراو نەگەنە رێککەوتن." گوتیشی، "هەرچەندە گفتوگۆ هەبووە بۆئەوەی کۆبوونەوەیەکی دیکە (لەسەر ئەم پرسە بکرێت)، بەڵام هێشتا هیچ وادەیەکی بۆ دیارینەکراوە."
 
کۆمپانیاکانی کەی پی ئێم جی، ئێنرست و یەنگ، دیلۆیت، پرینس وۆتەر هاوس کووپەر، مۆر گلۆبەڵ، دەی جەونز و هاوبەشەکانی لەگەڵ سی سی جی بۆ سەرپەرشتیکردنی وردبینی نەوتی هەرێمی کوردستان پێشنیاز کراون، کە بەگوێرەی سەرچاوەکەی رووداو، "بە گشتی پەسندن" بەڵام کێشەکە لە دیاریکردنی دەسەڵاتی کۆمپانیاکە و قەرزی کۆمپانیاکاندایە.
 
دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە راگیرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە