رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، لە پێنجشەممەوە رێکارەکانی لیستی مووچە تەواوکراون ئەمڕۆ راپۆرتی مووچە بۆ تەیف سامی دەنێردرێت. سەرچاوەیەکش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا."
11 رۆژە لەلایەن شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە، لیستی مووچەی مانگی شوبات بۆ بەغدا بردراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی مووچەی ئەو مانگە نەداوە.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ کێشەیەک بۆ لیستی مووچە دروست نەبووە، بەڵکو ئەمانە تێبینیی رۆتینی و ئاسایین و چارەسەرکراون، هەموو رێکارەکانیش تەواو بوون."
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی تەیف سامی بداتەوە و مووچەی مانگی شوبات بنێردرێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکە پێکهاتوون لە رێباز عەباس، راوێژکار و بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دارایی، کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، مریەم عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و ستافی سیستمی پەیڕۆڵ لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەغدای رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە هەموو رێکارەکانی لیستی مووچەی مانگی دوو تەواوکراون، بەڵام بەهۆی پشووەوە واژۆی لەسەر نەکرا."
چەند رۆژێک بوو شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوون. ئەو سەرچاوەیە گوتی، "هەموو کێشەکانی لیستی مووچە چارەسەر کراون و پێنجشەممە شاندەکە گەڕانەوە هەولێر."
تەیف سامی داوای چی دەکات؟
3ـی شوباتی 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد، تێیدا سێ داواکاری لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمانەی خوارەوەن:
1. پێدانی نووسراوی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
2. تەواوکردنی ناردنی داتای تایبەت بە بەجێکردن "تەوتین"ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئەو میکانیزمەی کە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دانراوە.
3. ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆسەر ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە (70018).
"کێشەی نێوان هەردوولا لەسەر تەرازووی پێداچوونەوە و هاوتاکردنی خانەنشینان"
بەگوێرەی زانیاریی لیژنەی دارایی بۆ رووداو، کێشەی هەردوولا لەسەر "تەرازووی پێداچوونەوە"یە کە تێیدا داهات و خەرجی باسکراوە، بەغدا رازی نییە بەو داهاتەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی خشتەکانی تەرازووی پێداچوونەوە باسی کردووە و داوای زیاتر دەکات، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان تەنیا ئامادەیە نیوەی ئەو 320 ملیار دینارە بداتە بەغدا کە ئاماژەی پێکراوە."
تەرازووی پێداچوونەوە یارمەتیدەرە بۆ پشکنین و بەدیهێنانی هاوسەنگیی ژمێرە داراییەکان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵەی گەورەی ژمێریاری کە رەنگە لە داهاتوودا کێشەی گەورەتری لێبکەوێتەوە.
تەرازووی پێداچوونەوە، دەتوانێت هەڵە ژمێریارییەکان دەستنیشان بکات، وەک: دوو جار تۆمارکردن یاخود تۆمارنەکردن. ئەم هەڵانە دەتوانرێت پێش ئامادەکردنی راگەیێندراوی دارایی کۆتایی راستبکرێتەوە؛ ئەمەش دڵنیایی دەدات لە وردی و متمانەپێکراوی داتا و زانیارییە داراییەکان.
"کێشەی هاوتاکردنی خانەنشینان چارەسەرکراوە"
لەبارەی کێشەی هاوتاکردنی خانەنشینان، بە گوێرەی قسەی لیژنە تەکنیکی، "هەندێک کەس لە مانگی رابردوو مووچەکانیان کەمی کردبوو، ئەم مانگە کێشەکە چارەسەرکراوە و وەکو خۆیان مووچەکانیان وەردەگرن."
مانگی رابردوو بەشێک لە خانەنشیان مووچەیان بە کەمی وەرگرت، ئەوانەی مووچەیان ملیۆنێک بوو، ببوو بە 700 بۆ 800 هەزار، ئەوانی دوو ملیۆن بوونم ببوون بە ملیۆنێک و نیو یان کەمتر.
لە ساڵی 2024ـەوە هاوتاکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەستیپێکردووە؛ تاوەکو ئێستا تەنیا بەشێک لە خانەنشینان مووچەکانیان هاوتا کراوە؛ ئەوانەی ماون لە قۆناخی جێبەجێکردندان. یاسای خانەنشینی تایبەتمەندی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان، بەشێکە لەو کێشەیەی کە پرۆسەی هاوتاکردنی خاوکردووە.
لیژنەی دارایی دەڵێت: "بەپێی رێککەوتنی هەردوولا لەسەر مووچە پێویستە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، تاوەکو داهاتی نەوت بدرێتەوە مووچەی مووچەخۆران، بۆیە هەر ئاستەنگێک بۆ نەوت ئاستەنگ لەبەردەم مووچەی مانگەکانی داهاتوو دروست دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ