پارەی نەوتی كوردستان لە هاڵك بانك دەپارێزرێ

08-01-2014
فەرهاد چۆمانی
نیشانەکردن پارەی نەوتی كوردستان هاڵك بانك
A+ A-
رووداو-ensonhaber

عەلی بابەجان، جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ كاروباری ئابووری رایگەیاند: ''دوای ئەو رێككەوتنانەی  بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەنجاممان داوە، دوا بڕیارمان ئەوەیە ئەو پارانەی لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستدێن لە هەڵك بانك دابنرێن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەروەها ئەو پارەیەی لە كڕینی  غاز و نەوتی ئێران خەرجدەكرێ، لە حیسابێكی هاڵك بانكەوە تەرخاندەركرێ.

لەناوخۆی توركیادا رەخنەیەكی زۆر ئاراستەی ئەو بانكە كرا. سەرمایەداری ناسراوی توركیا نەسروڵڵا ئایان بە رۆژنامەی (ZAMAN)ی توركی راگەیاند، كە هاڵك بانك وەكو رێڕەوی بازرگانیی ئێران نە تەنیا لەگەڵ توركیا، بەڵكو لەگەڵ وڵاتانی دیكە لە قازانجی ئێران مامەڵەی كردووە و قەبارەی مامەڵەكانی لەگەڵ ئێران نزیكەی 87 ملیار دۆلار بووە. ئایان دەشڵێت، ئەو بانكە وەكو بانكی ناوەندیی ئێران مامەڵەی كردووە.

پاش دەستبەسەركردنی سەرۆكی هاڵك بانك، بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك، ئەو بانكە داكۆكی لە مامەڵەكانی لەگەڵ ئێران كرد و رایگەیاند، كە هەموو مامەڵەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە بەپێی یاسا بوون و لەمامەڵەكاندا چاودێران و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار بوون.

سەرۆكی حكومەتی توركیاش، رەجەب تەیب ئەردۆغان داكۆكی لە كارەكانی ئەو بانكە كرد و رایگەیاند، كە هاڵك بانك بانكێكی سەركەوتوو بووە و نەیاران لە پێشكەوتنی ئەو بانكە حكومییە ترساون، بۆیە كردوویانەتە ئامانج.

هاڵك بانك لە 10 ساڵی رابردوودا سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە. قەبارەی داراییەكانی ئەو بانكە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا پێنج بەرامبەر بووە. دڵنیایی ئەو بانكە بە رێژەی 500% و سەرچاوە داراییەكانی بە رێژەی 379% بەرزبووەتەوە. قازانجی ئەو بانكە ئێستا نزیكەی 1.24 ملیار دۆلارە لە ساڵێكدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە