سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بۆ رووداو: وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10 تەواو نەبووە

07-11-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10 لەلایان بەغداوە تەواو نەبووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7 تشرینی دووەم، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ وردبینی لیستی مووچە لەلایەن بەغداوە بەردەوامە و تەواو نەبووە."
 
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: "هیچ مانگێک ناتوانن بە دیاریکراوی کات بۆ دابەشکردنی مووچە دیاری بکەن، "چونکە هەموو مانگێک ئێمە لیستەکانمان بەو شێوەیە ئامادەکردووە کە بەغدا دەیەوێت، بەڵام بیانوویەکیان گرتووە و بۆیان ناردووینەتەوە، بەو هۆیەوە هەموو مانگێک دابەشكردنی مووچە دواکەوتووە."
 
لە رۆژی یەکشەممە، 3-11-2024، لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامی وەزارەتی دارایی عێراق، لیستی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە نێردراوەتە وەزارەتی دارایی عێراق، تاوەکو وردبینی تێدا بکرێت، بەڵام چوار رۆژ تێپەریوە تاوەکو ئێستا وردبینی لە لیستی مووچە تەواو نەبووە.
 
هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 988 ملیار دینارە بۆ مووچە بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە