مسقاڵێک زێڕ 20 هەزار دینار دابەزی

07-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە هەفتەیەک پێشتر، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 20 هەزار دینار دابەزیوە. هەر ئەمڕۆ 100 دۆلار بە کەمتر لە 151 هەزار دینارە.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 575 هەزار دینارە و عەیار 18 بە 493 هەزار دینارە".
 
هەر ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 657 هەزار دینارە و عەیار 22ش بە 603 هەزار دینارە. جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر گوتی: "بەراورد بە هەفتەیەک پێشتر، هەموو جۆرەکانی زێڕ نزیکەی 20 هەزار دینار دابەزیون".
 
مانگی رابردوو زێڕ بەرزترین ئاستی تۆمار کرد و نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 603 هەزار دینار.
 
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخەکەوە، عەبدوڵڵا ئەکرەم گوتی: "دەکرێ هەڵبژاردنی ئەمریکا هۆکارێک بێت، بەڵام بە گشتی نرخ لە بۆرسەی جیهانیدا دابەزیوە و کاریگەریی لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش داناوە".
 
بەهای دینار و تمەن
 
نزیکەی مانگێکە بەهای دینار لە دۆخێکدا نزیکە لە جێگیربوون. رەوەز میرزا ئاڵوگۆڕکاری دراو لە سلێمانی بە رووداوی گوت، 100 دۆلار بە 150 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 6 ملیۆن و 900 هەزار تمەنی ئێرانە بە حەواڵە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە