رووداو – هەولێر
بە ئومێدی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە، گۆران عومەر ساڵێك لەمەوبەر بناغەی خانووەكەی دانا، بۆ ئەوەی زووش پێشینەكە وەربگرێت فۆرمی وەرگرتنی پێشینەی پڕكردەوە، بەڵام لە چانسی گۆران، هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بودجەكەی بڕدرا. ئێستا خانووەكەی گۆران جگە لە هەیكەلێكی بێ دەرگا و پەنجەرە هیچی دیكە نییە.
گۆران، مامۆستایە و باوكی منداڵێكە، 9 مانگ لەمەوبەر بەهۆی زیادكردنی كرێی ئەو خانووەی تێیدابوو، ناچار ماڵەكەی گواستەوە نێو هەیكەلی خانووەكە.
"كرێی خانووم پێنەدەدرا، بۆیە بە ناچاری هەندێ پارەم قەرزكرد و نایلۆنم بۆ سەر خانووەكە كڕی لەگەڵ دەرگا و پەنجەرەیەك بۆ مەدخەلی خانووەكە و چوومە ناوی".
مامۆستا گۆران 7 ملیۆن دینار لەسەر دروستكردنی هەیكەلی خانووەكەی قەرزدار بووە. ئەو بە ئومێدی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە بوو، بەڵام ئێستا دەڵێت "ئەمساڵ وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە بووە خەون".
لە بودجەی 2012ی هەرێمی كوردستاندا بڕی 600 ملیار دینار بۆ سەرجەم پێشینەكان تەرخانكرا، پشكی شێریش بەر پێشینەی خانووبەرە كەوت كە بڕی 500 ملیاری بۆ تەرخانكرا.
دلێر تاریق، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری گوتی تەواوی ئەو بڕە پارەیەی كە لەساڵی رابردوو بۆ پێشینەی خانووبەرە تەرخانكرا دابەشیان كرد، بەڵام بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجە ئەمساڵ لەسەرەتای ساڵەوە دابەشكردنی پێشینەكانیان راگرتووە "چونكە بەپێی یاسا ناكرێت پێشینە پێش پەسەندكردنی بودجە دابەشبكرێت".
بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، لەسەرەتای دابەشكردنی پێشینەكانەوە تاوەكو 31/12/2013 حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێشینەی خانووبەرە 3 ترلیۆن و 390 ملیار و 465 ملیۆن دینار، بۆ كشتوكاڵ 193 ملیار و 818 ملیۆن دینار، بۆ پیشەسازی 43 ملیار و 633 ملیۆن دینار، بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون 537 ملیار و 373 ملیۆن دیناری داوە.
كۆی گشتی ئەو پێشینانەش دەكاتە 4 ترلیۆن و 171 ملیار و 289 ملیۆن دینار.
دلێر تاریق دەڵێت "پێدانی ئەو پێشینانە جموجۆڵێكی زۆری خستە بازاڕ و كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لەسەر ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی هەلی كار لەگشت بوارەكاندا ، بۆیە دوای پەسەندكردنی بودجە لەسەر دابەشكردنی پێشینەكان بەردەوام دەبین".
ناوبراو گوتیشی "بەهەزاران هاووڵاتی لەچاوەڕوانی دابەشكردنی پێشینەدان، ئەمەش گوشارێكی زۆری لەسەر بانكەكانی خانووبەرە دروستكردبوو، بۆیە بەفەرمانی وەزیر لە 2/8/2013 فەرمانمان بەگشت بانكەكانی خانووبەرە كرد، پشكنینی دووەم بۆ مامەڵەی ئەو هاووڵاتیانە بكەن كە پشكی یەكەمی پێشینەیان وەرگرتووە، بەهەمانشێوەش پشكنینی یەكەم بۆ مامەڵەی ئەو هاووڵاتیانە بكەن كە هیچ پشكێكیان وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بەزووترین كات دوای پەسەندكردنی بودجە پێشینەكان دەستپێبكەینەوە".
قەرزەكان لەكاتی خۆی نادەنەوە
بەپێی ئەو ئامارەی لەبانكی خانووبەرەی هەولێر دراوەتە (رووداو)، زیاتر لە 4 هەزار هاووڵاتی لە شاری هەولێر چاوەڕێی وەرگرتنی پێشینە دەكەن، بەشێكیان پشكی یەكەمیان وەرگرتووەو دووەمیان ماوە، بەشێكیشیان هیچ پێشینەیەكیان وەرنەگرتووە.
سەباحەت حەمە تاهیر، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی هەولێر دەڵێت "پشكنینمان بۆ بەشێكی زۆری مامەڵەی ئەو 4 هەزار هاووڵاتییە كردووە، ئامادەین هەر كاتێك پەرلەمان بودجەی پەسەند كرد و وەزارەت رێنمایی پێدانی پێشینەی دەركرد، پێشینەیان بدەینێ".
سەباحەت حەمە تاهیر ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی تووشی هەرێمی كوردستان بووە، خەڵك وەك پێویست پابەندی كاتی دانەوەی قەرزەكان نین، گوتیشی "ئەو هاووڵاتیانەی كە مووچەخۆرن كێشەمان لەگەڵیان نییە، چونكە مانگانە لە مووچەكانیان قەرزەكان دەبڕین، ئەو هاووڵاتیانەشی كەفیلیان هەیە بەهۆی راگرتنی مووچەی كەفیلەكانیان ناچاریان دەكەین قەرزەكە بگەڕێننەوە، بەڵام كێشەی سەرەكیمان لەگەڵ ئەو هاووڵاتیانەیە كە خانووەكانیان لەرەهن داناوە، نە بە تەلەفۆن نە بەنامەی ئاگاداركردنەوە پارەكە ناگەڕێننەوە، بگرە هەندێجاریش قسەی ناشرین بە فەرمانبەرانیش دەڵێن، چونكە لەم بارودۆخەدا ترسیان لە فرۆشتنەوەی خانووەكانیان نییە".
راگرتنی پێشینە كارێكی هەڵەیە
پسپۆڕانی ئابووری دەڵێن دواخستنی پێشینەی خانووبەرە كاریگەری تەنیا لەسەر دواكەوتنی دروستكردنی خانووی ئەو هاووڵاتیانە نەبووە كە بە تەمای پێشینەن، بەڵكو سستییەكی زۆریشی خستووەتە بازاڕی خانووبەرە و كاری بەڵێندەران و كارگەكانی كەرەستەی بیناسازی.
ئیدریس رەمەزان، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانكۆ دەڵێت راگرتنی پێشینەكان بەگشتی و پێشینەی خانووبەرە بەتایبەت لەلایەن حكومەتەوە كارێكی هەڵە بوو، دەبووایە بەهەر شێوەیەك بێت حكومەت بڕە پارەیەكی بۆ پێشینەكان دابین بكردایە، گوتیشی "راگرتنی ئەم جۆرە پێشینانە دەبێتە هۆی بێ متمانەیی خەڵك بەكار و پرۆژەكانی حكومەت".
بەبڕوای ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، ئەو هۆكارەی وایكردووە قەیرانی دارایی هەرێم زۆر ئاڵۆزتربێت لەوەی كە چاوەڕوان دەكرا، نەبوونی ستراتیژیەكی روونە بۆ پرۆژەكان بە تایبەتی نیشتەجێبوون "ئەگەر حكومەت ستراتیژێكی روونی هەبووایە، دەكرا لە پارەی ئەو قیستانەی مانگانە هاووڵاتیان دەیگەڕێننەوە خەزێنەكان، ئەگەر ژمارەیەكی كەمیش بووایە مامەڵەی هەندێ هاووڵاتی پێ جێبەجێبكرایە".
بەبڕوای د.عیزەت سابیر، سەرۆكی لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان، زەحمەتە ئەمساڵ هیچ پێشینەیەك بدرێتە هاووڵاتیان، بەڵام دەڵێت بۆ ساڵی داهاتوو پڕۆژە یاسایەكیان ئامادەكردووە، لە پڕۆژە یاساكەدا پێشنیازیان كردووە پێشینەكان لەلایەن بانكێكی كەرتی تایبەتەوە بدرێن و حكومەت تەنیا سوودەكەی بدات "ئەوكات ئەگەر بودجەش دوابكەوێت و حكومەتیش تووشی قەیران بێت پێشینەكان ناوەستن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ